tgindex
شیعر و هۆنراوە

شیعر و هۆنراوە

Статистика

سڵاو خۆشحاڵین کە ئێمەتان هەڵبژارد. لێرەدا خزمەتی شاعیران بە زمانی کوردی و قسەی خۆش و هەندێ بابەتی زانستی دەنووسین. بە ڕەخنە و پێشنیارەکانتان گەورەمان کەن. هەڵەکانمان بۆ بنێرن. سپاس کە لەگەڵماندان. 🌐 books.vejin.net 🌐 awin.blogfa.com 🆔 @EmranHusseini

Последний пост
12 авг.
Последнее чтение
15 авг.
Постов за неделю
2
Всего постов
20
Тип
открытый
Язык
ku
Категория
Книги
В каталоге с
13 авг.
Подписчики
7 400
+6 за 4 дн.
Сутки
+1
+0,01%
Неделя
 
Месяц
 
Просмотров на пост
4 002
20 постов
Вовлечённость
54,1%
к подписчикам
Постов в день
0,3
всего 20
Упоминаний
1
каналов
Охват размещения
оценка
1/24сутки в ленте
582
1/48двое суток
666
1/72трое суток
719

Оценка по просмотрам недавних постов: пост набирает почти всё за первые сутки.

Посты

  • 12 авг.6391610

    🌷 ✓ #_خادیم (1895 - 1953) ئەو کەسەی پایەی لە عەشقا دەست ئەکەوت پەروانە بوو کەس وەکوو ئەو بۆ نیساری جانی بێپەروا نەبوو بولبولیش هەر چەند کە لافی عیشقبازی لێ ئەدا تا لە ئاخردا تەماشام کرد کەچی ئەم وا نەبوو دڵ کە حەلقەی زوڵفی زنجیری نیگاری دی بە چاو ڕوو لە سەحرایی جنوون بوو عاقیبەت دێوانە بوو ڕوو لە مەسجید بووم لە شەودا بۆ عیبادات و دوعا دیقەتم کرد من لە ئاخر گۆشەیی مەیخانە بوو تا بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا بکەم تا سەحەر کارم لەگەڵ ساقی و مەی و پەیمانە بوو مەوجی نووری جیلوەیەکی دا بە دیر و کەعبەدا ئاگری سنگی سەنەم شەمعی ڕوخی بتخانە بوو گەردۆشی مەی نەشئەیەکی وا بە شەمعی جەمع دا لەم خومارەی من قەدەح وەک گەردۆشی پەیمانە بوو ماتەم و سوورم لە عەشقا دەست لە ئاغۆشی یەکن خەندەیی مینایی مەی لەم گریەیی مەستانە بوو 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 11 авг.674145из Mang_Meriwan

    🌟 🌍 🔸 #_گەلاوێژ 🔶 الشِّعرَى اليَمَانِيَّة - شباهنگ - Sirius 🟠 وأَنَّهُ هُوَ رَبُّ الشِّعْرَىٰ [النجم - 49] 🔹 چوارشەممە 21 ـی گەلاوێژ ڕێکەوتی 12 ـی 08 ـی 2026 کەمکەم ئەستێرەی گەلاوێژ لە ئاسمانی کوردستاندا دیار دەکەوێت. ⭐ ▫️ «گەلاوێژ» پێنجەمین مانگی ساڵی کوردی و لە ڕۆژژمێری کوردیدا دووەمین مانگی هاوینە. مانگی گەلاوێژ 31 ڕۆژە و لە دوای مانگی پووشپەڕ دێت. لەم مانگەدا کەشوهەوا ڕوو لە گۆڕان دەکات و فێنک دەبێت تا وەرزی پاییز. 🪐 ▫️ هەر لە کۆنەوە بیروڕاکان پێیان وا بووە کە لەگەڵ هاتنی مانگی گەلاوێژ و دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا ڕوو دەدات و ئەم گۆرانکارییەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ دەرکەوتنی ئەستێرەیەک کە لەلایەن کوردەوە بە گەلاوێژ ناسراوە و 2 هەزار و 400 ساڵ لەمەوبەریش لەلایەن فیرعەونەکان و میسرییە کۆنەکانەوە بە "سوبدت" ناویان بردووە و پێیان وا بووە کە لافاوی نیل لەو ساتانەدا بەهۆی دەرکەوتنی ئەم ئەستێرەیەوە بووە و یۆنانییەکانیش پێیان گوتووە "سووتی". 🔭 ▫️ لە ڕووی زانستی ئەستێرەزانییەوە ئەم ئەستێرەیە لە بنەڕەتدا جووتەستێرەیە و بە گەشترین ئەستێرەی وەرزی زستان دادەنرێت و دەکەوێتە کۆئەستێرەی "سەگی گەورە" و بە «ئەلفا» ناسراوە و ناوە زانستییەکەشی "Sirius" ـە و لە 12 ـی ئابی هەموو ساڵێک [مانگی هەشتی زایینی] بەدواوە بەر لەوەی خۆر هەڵبێت دیار دەکەوێت و لە وەرزی زستانیش بە شەودا لە ناوەڕاستی ئاسماندا بەدی دەکرێت و لە وەرزی بەهاریش لە دوای خۆراوابوون دیار دەکەوێت. 🛰️ ▫️ قەبارەی ئەستێرەی گەلاوێژ دوو ئەوەندەی قەبارەی خۆر و بارستەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی بارستەی خۆرە، تیرەکەی 1.71 هێندەی تیرەی خۆری ئێمەیە، پلەی گەرمیی سەر ڕووەکەی نزیکەی 9600 پلەی سەدییە، بەگشتی ئەستێرەی گەلاوێژ زۆر لە خۆری ئێمە درەوشاوەترە، ئەگەر لە هەمان دووریدا تەماشای هەر دووکیان بکەین دەبینین کە گەلاوێژ 26 جار لە خۆر درەوشاوەترە؛ واتە ڕووناکییەکەشی 26 جار لە خۆر زیاترە. وا مەزندە دەکرێت تەمەنی ئەم ئەستێرەیە زیاتر لە 240 میلیۆن ساڵ بێت. دووریی لە خۆرەوە 8.6 ساڵی ڕووناکییە. «ئەگەر بەم پێیە بێت بە پێشکەوتووترین فرۆکەی ئەم سەردەمە بە 10 ملیۆن ساڵ دەگەین بەم ئەستێرەیە». بە 16 کیلۆمەتر لە چرکەیەک بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە و بە پێنج ڕۆژ، خولێک بە دەوەری خۆیدا تەواو دەکات. 🌍 ◽️ هۆکاری فێنکبوون و گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا دەگەڕێتەوە بۆ خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا و لەسەر تەوەری 23 پلە و هەروەها سووڕانەوەی بە دەوری خۆر و بەرکەوتنی تیشکی خۆر بەشێوەیەکی ئاسۆیی بە زەویدا، کە لە وەرزی هاویندا بەشێوەی ستوونی بەری دەکەوێت. ئەمەش وا دەکات کە ئەو ناوچانەی کە لە نیوگۆی باکووریی زەویدان وردەوردە گۆڕانکارییان تێدا ڕوو دەدات و بەمەش ڕۆژگەڕانەوە ڕوو دەدات لە وەرزی هاوین بۆ وەرزی پاییز. بۆيه لە ڕووی زانستییەوە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا لەم مانگەدا هیچ پەيوەندییەکی نییە بە دەرکەوتنی ئەم ئەستێرەیە و ئەوەی باسی لێوە دەکرێت جگە لە بيروڕايەکی کۆنی نێو کۆمەڵگا هيچی تر نییە. 🌿 | مانگـــــــــــــــــــ

  • 25 июл.1 7882014

    💐 ✓ #_ئەسیری (1895 - 1962) کوردە وا فەتوا دراوە بۆ جەوازی کوشتنت چارە وو مەلجەء نییە، تەحقیقە ئەمجا مردنت وا موحەققەق دەتکوژن، دەتکەن بە نیشانەی تفەنگ با دەوامی بێ بەڕاستی شۆڕش و شەڕکردنت هەر چەنێ شێخ و مەلا و ئاغا و ڕەئیسی کورد هەیە گشتیان هەڵواسران بەسیە لە غەفڵەت نووستنت تازە ئومێدت بە کێیە، کێیە ڕەحمت پێ بکا دوژمنت دایم لە پارێزە زیانە وێستنت شێخ عەبدولقادری نەجلی عوبەیدوڵڵا ئەوا بێخەتا هەڵواسرا تا کەی بێ دوژمنویستنت دوژمنت وا ئەسلیحەی خۆی ساز ئەدا بۆ کوشتنت هەڵسە پێ، فایدەی نییە ئەمڕۆ لەسەر پشت کەوتنت خوون وەکوو سیلاوە دەڕوا سوورە دەشت و شیو و شاخ غیرەتە شەو تا سەحەر، ڕاحەت لە جێگا نووستنت؟ شیوەن و هاوار و قوڕپێوان و ئاهـ و حەسرەتە شەرتی ئینسافی نییە ئەم حەققە بۆ گڵ بردنت کوردی بێکەس ئیتتیفاقێ تۆ لەگەڵ خزمت بکە گەر پەشێویت لابەلا کەی، کاکە پێک دێ ویستنت گەر بە فەن و عیلم و سەنعەت کەی «ئەسیری» ئیعتیماد بێشکە مومکین دەبێ ئەو جارە دوژمنخستنت 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 15 июл.2 2312314

    🌾 ✓ #_میرزا_غەفوور (1870 - 1938) زەمانێکە لە دەست بەختم خەریکی زایەڵە و شینم سەراپا تا بە دامەن غەرقی مەوجی ئەشک و ئەسرینم بە شەو تا ڕۆژ لە زاریدام لەبەر ئازار و ئیشی دڵ لە دەس فەریاد و ناڵەی خۆم قەرینی ماهـ و پەروینم کە هەمسایەن لە ناڵەی من هەموو بێزاری عومری خۆن منیش لەم حاڵە بێزارم نەمانم چاکە نەک ژینم دڵی بێچارە دووچارە بە دامی خاڵی مەهڕوویی کە دانە و نەقشی ئەو خاڵە دەوایە بۆ دڵ و دینم دڵی پروانەوارم وا بە شوعلەی شەمعی ئەو سووتا مەگەر خالق بە لوتفی خۆی بکا ڕەحمێ بە ناڵینم گەلێ پێم خۆشە ئەم جەژنە خودا بمکا بە قوربانی بەخۆڕایی نەچێ و نەڕوا بە زایع عومری شیرینم کە دەستهەڵگرتنم نابێ لە پابۆسی سەگی گەیلان دەڵێ «میرزا» ٲباً عن جد سەگی دەرگای مەحیەددینم 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 7 июл.2 5571915

    🍁 ✓ #_مەلا_موستەفای_عاسی (1885 - 1975) هێنامییە ئەم دەرگەیە ئیمڕۆکە نەسیبم هەرچەندە کە بێسەبر و دڵارام و شەکیبم ساڕێژ و قەپاتی بکەی ئەی خوسرەوی شیرین بۆ دەردی دڵی خستە کە وا بوویە تەبیبم دڵڕیش و جگەرپارە و مەفتوون و زەبوونم ئاوارە و سەراسیمە و بێعیشق و غەریبم تێ بەر بووە ئاگر بەتەواوی لە دەروونم بەدناوی کە کردم لە جیهان جەوری ڕەقیبم بێعیلم و شەرەف کەوتمە زیندانی جەهالەت وەک ساحیری بەدبەخت کە ڕەقیب داویە فەریبم هاتوومەتە ئەم دەرگە بە عینوانی دەخالەت هەر جێگەمە ئەم قاپییە تا ڕۆژی حەسیبم «عاسی» بە هیوای فیکری نەجاتە لە جەنابت تۆش وا مەکە لەو لوتفە کە بێبەهرە بەری بم 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 29 июн.3 0702512

    🍂 ✓ #_شێرکۆ_بێکەس (1940 - 2013) لاورا پڵنگەشیعری خۆش ناوێ! لاورا ئەڵێ: هۆنراوەی تۆ و پڵنگە تووڕە و برسییەکان لە یەک ئەچن. لاورا ئەڵێ: کە شەو دادێ لە زیکەیان ئەترسم. هەر پێم ئەڵێت و پێم ئەڵێ: وەک ئەنووسی بە باڵی کۆترێ بنووسە! بە دەنووکی چۆلەکەیەک یاخود بە ڕوومەتی گوڵێ بۆ چی بە چڕنووکی پڵنگ؟ چی بکەم، لاورا، پڵنگ نەبووم نە بە دەنگ و نە بە چنگ و نە بە سیما بەڵام لاورا «داوە»کانی هەر چوار دەورم تۆ ئەو «داو»انەت بیر نەچێ؟ لاورا بە هاوار و بانگەبانگی چیاکانم بە هەڵسانە سەرپێی بەرد و بە دەنگی بەرزی درەختم زۆر پەست ئەبێ! لاورا ئەڵێ: نزم بدوێ مەبە بە گڤەی شێتوێت مەبە بە چەمی زستانە و دەنگ هەڵمەبڕە نزم، نزم، نزم بدوێ! چی بکەم لاورا! منیش هەمیشە هەر سروەم لە ڕەشەبا و مانگەشەوم لە گەرداو، لا جوانتر بووە بەڵام ئاخر سێدارەکان لاورا! سێدارەکانی چوار مەرگم سێدارەکانت بیر نەچێ! لاورا لە وڕێنەی شەوانەم و لە جووڵەجووڵی خەیاڵم و لە تەقەوڕەقەی هاتوچۆی مەکۆی ژانم دەهری بووە و وا خەریکە ماڵ جێ بێڵێ! لاورا ئەڵێ: دە بە ئارامی پاڵکەوە بە ئارامی خەو ببینە و وەکوو ئەم خەڵکە ڕاکشێ! چی بکەم لاورا! منیش هەر حەز بەوە ئەکەم بوخچەی هەورێکی شلومل سەرینم بێ. وا حەز ئەکەم، وەک چارۆگەی بەلەمێکی سەر ڕووی زەریا لەبەر سایەقەی شەوێکی دڵنیادا لەرەم نەیە! بەڵام لاورا، ئاخر لاورا، ئەنفالەکان ئەنفالەکانت بیر نەچێ! لاورا ڕقی لە ڕەنگی گریان و بۆنی شین و شەپۆڕ ئەبێتەوە لاورا ئەڵێ: ئەم تەمومژە لابەرە لەسەر چاوت ئەو پەردەیە هەڵبەرەوە لەسەر خەمت و ڕوون بەرەوە وەک سپێنەی چاوەکانم ڕوون بەرەوە وەکوو قژم بریسکەت بێ و وەکوو خوێنم قوڵپ بدە و وەک سپیدەی گەردنیشم شەوق بەرەوە! چی بکەم لاورا! چی بکەم منیش زۆر حەز ئەکەم شەپۆلی پێکەنین بمبا زۆر حەز ئەکەم، پرشنگەکانی گۆرانی دامپۆشن و زۆر حەز ئەکەم، ببم بە گەڵاشیعرێکی هەڵفڕیوی نیوەشەوی باندی سەما بەڵام لاورا! ئاخر لاورا! تۆ هەڵەبجە، تۆ هەڵەبجەمت بیر نەچێ! لاورا نایەوێ قەت چارەی شیعری سیاسیم ببینێ ئەو گەلێ جار، لە ژوورەکەم دەریان ئەکات ئەو گەلێ جار، چەکیان ئەکا و پێناسەیان ئەسووتێنێ و دروشمەکانیان ئەدڕێنێ! لاورا ئەڵێ: ئەم گژەبای سیاسەتە وەختێ کە دێت ڕۆحی شیعر ئەژاکێنێ شەونمیان وشک ئەکاتەوە! لاورا ئەڵێ: ئەو شیعرانەت ماڵیان پڕ کردووم لە دووکەڵ لە بۆکڕووزی غەریبی لە بۆنی گۆگردی خوێن و لە ناڵەناڵی سێدارە و لە تەمتومانی تەنیایی ئەو شیعرانەت، سووتوو لەسەر کورسییەکەم و جلکەکانم و چەرچەفی پاکم جێ دێڵن لەسەر مافووری هۆڵەکەم، جێپێی خوێناوی جێ دێڵن، لەگەڵ خۆیان قوڕ و لیتەی کۆچ و کۆچڕەو ئەهێننە ناو داڵانمەوە چی بکەم لاورا، سیاسەت لای ئێمە لاورا! لە دەسرازەی ناو بێشکەوە تاکوو کفن لە لەشمانەوە ئاڵاوە، لاورا! هەموو ڕۆژێ نان و مەراق لەگەڵ سیاسەتا ئەخۆین، لاورا! لە هاوسەرەکانمان زیاتر لەگەڵ سیاسەتا ئەنووین، لاورا! لە منداڵەکانمان زیاتر لەگەڵ ئەودا دائەنیشین، لاورا! بەڵام لاورا، ئاخر لاورا، کوردستانم، کوردستانم تۆ کوردستانت بیر نەچێ! 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 21 июн.2 8863639

    🍃 ✓ #_ئەحمەد_موختار_جاف (1896 - 1935) بە یادی چاوەکانت دایمەن من مەست و حەیرانم لە عیشقی قامەتت قوربان وەکوو زوڵفت پەرێشانم ئەوەندە من لە هیجری وەسڵی تۆ زاری ئەکەم جانا وەکوو داوێنی ئەڵوەن دایمەن من سوورە دامانم لەبۆ جاڕووبی ڕێگەت حازرم دایم گوڵی ڕەعنا بە گۆزەی پڕ لە ئاوی دیدە و دوو گەسکی موژگانم سەلیبی زوڵفی تۆم خستۆتە گەردن بووم بە نەسرانی ئیتر قوربان بکە ڕەحمێ نە دینم ما نە ئیمانم ئەوەند «ئەحمەد» کە مەدحی ڕوویی تۆی کرد شێت و ڕیسوا بوو بە خەللاقی زەمین لەم شیعرە چاتر بەندە نازانم 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 20 июн.2 712161из Mang_Meriwan

    ☀️🔭 ☑️ #_هاوین ▪️ هاوینی 2726 ـی کوردی – 1405 ـی هەتاوی دەستپێک: یەکشەممە31 ی جۆزەردان 11:54 بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوە: 93 ڕۆژ و 15 سەعات و 40 خولەک ☑️ Summer 2026 Start (June solstice): Sunday, 21 June 2026, 11:54 RKUT Duration: 93 days, 15 hrs, 40 mins 🔹 لە ڕۆژژمێری کوردی و هەتاویدا یەکشەممە 21 ـی 06 ـی 2026 ڕێکەوتە لەگەڵ 31 ـی جۆزەردانی 2726 ـی کوردی دوایین ڕۆژی بەهارە و دووشەممە یەکەم ڕۆژی وەرزی هاوینە (سەرەتای مانگی پووشپەڕ). 🔸 بەپێی پێوانە فەلەکییەکان یەکشەممە کات 11:54 خولەک لە نیوگۆی باکووریی زەوی دیاردەی «ڕۆژگەڕانەوەی هاوین - June solstice» ڕوو دەدات. لەم کاتەشدا لە نیوگۆی باشووریی زەوی زستان دەست پێ دەکات. ▪️ لەو ڕۆژەدا ماوەی ڕۆژ نزیکەی 14 کاتژمێر و 28 خولەکە و ماوەی شەویش نزیکەی 9 کاتژمێر و 32 خولەکە. هەروەها لەو ڕۆژەدا مەودای نێوان زەوی و خۆر زۆرە نەوەک کەم و دووریی نێوان زەوی و خۆر هەر بەرەو زیادبوون دەچێت تا دەگاتە دوورترین خاڵ کە بە «Aphelion» ناسراوە و ئەمەش لە ڕۆژی 15 ی پووشپەڕی 2726 دەبێت و ئەو کاتە مەودای نێوان زەوی و خۆر دەگاتە 152,087,774 کیلۆمەتر. 🌍 🔭 ☑️ | @Mang_Meriwan

  • 15 июн.3 0934327

    🪴 ✓ #_عاجز (1929 - 1967) ئەی سەییدی سەرداری من، ئەی مەحڕەمی ئەسراری من ئەی ئەحمەدی موختاری من، سەڵات لەسەر توو یاری من موددێکە هیجر و ماتەمە، تا کەی بمێنێم لەم غەمە هەر وەکوو جاران کۆلەمە، با بەس بێ ئینتیزاری من لوتفێ بفەرموو سەروەرم، شافیعی ڕۆژی مەحشەرم هەر تۆی لە گەرما سێبەرم، شاهی عالەمسوواری من مەعلوومە قەدری تو عەزیم، عیسایی ڕووح، مووسای کەلیم ڕوتبەی ڕەسوولانی کەریم، سەبەب ئەتۆی نیگاری من مەلائیکەی موقەڕڕەبین، عالەمی عولوی و سەرزەمین هەتا بە ڕۆژی ئاخەرین، خوددامی تاجی داری من لە فەوقی ئەو خودایە بەس، ناگاتە جێی ئەو شایە کەس لە عالەمی جودایە بەس، لوئلوئی جەوهەرداری من نووری بناغەی عالەمە، بۆ ئەنبیایان خاتەمە ئادەم لەبەر وی ئادەمە، تەحقیق بکەن گوفتاری من نائیبی وی بوون موڕسەلین، هەر یەک لە قەومێ داوەرین ئەمما ئەوی بۆ عالەمین، بە عام هەنارد غەففاری من نووری لە ئادەم پشت بە پشت، هەتا بە عەبدوڵڵا گەیشت هەم ئامینەی حۆری سروشت، مەحفووز بوو توڕڕەداری من مزگێنی بۆ حەلیمە بێ، شیرخۆری ئەو یەتیمە بێ هەرزانی لەو ئیقلیمە بێ، هەم شیری زۆر بێ جاری من چەند جار مەلائیکەی خودا، شەقیان کرد سینگی بولهودا حەززی شەیتانیان کرد جودا، کردیانە گوڵ گوڵزاری من ئەوجا کرا بە پێغەمبەر، بەیانی کرد ڕێی بێخەتەر چەند موعجیزاتی خستە دەر، قوڕئانی گەوهەرباری من چەند موشریکان دیتیان بە چاو، لۆی شەق دەبوو مانگی تەواو لە موشریکی نەبوون بڵاو، گوێیان نەدا نازداری من چەند جار دەیانگۆت شاعیری، کازیب و کاهین ساحیری هەر چەند دەیانکرد ماکیری، حیفزی دەکرد سەتتاری من ئەمما ڕەسوولی موستەفا، گوێی خۆی نەدا جەور و جەفا دوعای دەکرد ساحێبوەفا، غازیب نەبێ قەههاری من پاشان بە ئەمری موستەعان، هیجرەتی کرد بە عیزز و شان بۆ لای مەدینە بوو ڕەوان، لەگەڵ ڕەفیقی غاری من کوففار و شەیتانی لەعین، هاتن لە دوویان چینبەچین هەتا لە غارێ داوەرین، ئەو غاری پڕئەنواری من کە دیتیان تەونی عەنکەبووت، کۆتر لە هێلانە بە جووت گەڕانەوە لە فایدە ڕووت، نەیاندەدی سالاری من کە هات سوڕاقە زۆر بە تاو، هەڵیکوتا سەر هەر دوو لاو دەیدی وەکی قاڕوون بە چاو، ڕەحمی نەکرد بە یاری من ئەو مەڕی دایکی مەعبەدی، کە پێشان شیریان لێ نەدی هەر دەستی دایێ ئەحمەدی، بوو بە ڕووباری جاری من حەمزە و ئەبووبەکری سددیق، فاڕووق و عوسمانی حەقیق بە موئمینی دەبوون ڕەفیق، لەگەڵ شێری شکاری من «عاجز» فەقیری ئوممەتە، سائیلی بابی ڕەحمەتە هەر چاوەنۆڕی هیممەتە، بۆ دەفعی ناڵە و زاری من 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 6 июн.3 6803541

    ☘ ✓ #_عەونی (1914 - 1992) لە شوێنی چی دەچی ئەی دڵ خەیاڵت خاوە دەیزانم ئەوەی تۆ بۆی خەریکی ئەو لە تۆ تۆراوە دەیزانم وەکوو دوێنێ مەبە بێباک لە ڕێگای خۆشەویستیدا تەماشای شێوەیی ئیمڕۆ گەلێ گۆڕاوە دەیزانم فریبی چاوی مەستی قەت مەخۆ ئەم شۆخە عەییارە وەفا و عەهد و بەڵێنی هەر درۆیە و نارە دەیزانم برۆ و موژگان و غەمزەت چاوەکەم پێویست نییە بێنی بە تەنیا کوشتنی من یەک ئیشارەچاوە دەیزانم بە هەر لا ڕا بکا ڕزگاری نابێ دڵ لەبەر چەنگی دوو چاوی بازی یاری من کە فێری ڕاوە دەیزانم دەبێ داوا بکەم مافی ڕەوای خۆم با زەلیلیش بم دەبێ هەر خۆم وەری بگرم بە کەس نەدراوە دەیزانم گوتی «عەونی» نەکەی قەت دڵنیای جەوری ڕەقیبت بی گوتم قوربان ئەوێستا بەدڕەوشتی باوە دەیزانم 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 31 мая3 9033520

    🌿 ✓ #_هێمن (1921 - 1986) زەمانی زوو هەبوو میرێکی زۆردار دزێو و دڵڕەق و خوێنڕێژ و لاسار دڵی خۆش بوو بە ئازاری هەژاران بە دەس ئەو چوون هەزاران و هەزاران قسەی خۆشی دەگەڵ خەڵکی جوێن بوو هەمیشە تیخی جەللادی بە خوێن بوو سەری زۆر لاوی جوانچاکی بڕیبوو زگی زۆر پیاوی دڵپاکی دڕیبوو ڕق و قینی لە نێوچاوان دەباری دزی و سووتمان و کوشتوبڕ بوو کاری بزەی هەرگیز نەبینرابوو لەسەر لێو دەغەزری وەک یەکانە و بڕڕەکی کێو دڕندەی هاروماری بێڕەزا بوو لە تاڵان و بڕۆیە شارەزا بوو لە ترسانی وڵات پڕترس و ڕەو بوو ڕمووزنەی تاریکان و خێوی شەو بوو گڕووگریان بە ناوی ئەو دەکرد ژیر لەوی تۆقیبوو هەم زارۆک و هەم پیر مەکۆی جەردە و چەتان بوو دیوەخانی غوڵام و نۆکەری بوون نانی نانی لەوی بێزار بوو ئینسانی بەنامووس تەشیڕێس بوو لە دەرکی ئەو زمانلووس دەیانکرد خزمەتی وەک دیل و بەندە هەتیوچە و سەرسەری و سۆدرە و سەهەندە لە هەق بێزار و دڵبەستەی ڕیایی یەکەم تۆچێنی کێڵگەی بێوەفایی نەیاری چاکەو و یاری خراپە خەزێنەی کونبڕ و شاری خراپە پەڕی قامووسی ئەویان کردبوو داگیر وشەی دار و تەناف و کۆت و زنجیر بە ڕاستی ملهوڕێک بوو دوژمنی گەل لەبەر ئەو نەیدەوێرا کەس بڵێ لەل بە زۆر بشکێ دەبێ دەرکی قەڵایە دەنا ئەو دەرکە بۆ کێ ئاوەڵایە خەبات ڕزگار دەکا کۆیلە و ئەسیران لە ناخێ ڕادەکا مەزن و ئەمیران بە ئەفسانەی دەزانن سووڕی دەوران غوڵام و ورکەخۆری دەرکی گەوران بەڵام دەوران دەبێ ڕۆژێ بدا سووڕ لەبەر گەوران نەبێ پشتی خەڵک کووڕ کە گۆپاڵی خەڵک دەرهات لە خیزی ئیتر نامێنێ میری گەورە فیزی 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 6 мар.5 8079912

    🌸 سڵاوتان لێ بێت. ان شاء الله هەمیشە باش بن. من عیمرانم لە #مەریوان. ئینترنێت قەتە و بە ئینترانێت و بە تۆڕێکی ئێرانی ئەمە ئەنێرم بۆ سروە لە هەولێر. دووشەممە ١١ ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ ڕێکەوتی 02-03-2026 فڕۆکەکانی ئیسڕائیل هێرشێکی توندیان کردە سەر مەریوان و لە 15 میتریی ماڵی ئێمەدا بنکەیەکی سپای پاسدارانیان کردە ئامانج و بەداخەوە 4 کەس لە ماڵێکی هاوسێماندا گیانیان لەدەست دا و ئێمە لەو کاتەدا لە ماڵۆ نەبووین و هەواڵێکیشمان لە کوژراوەکانی حکوومەت نییە. هەر وەها لە دوای پارشێوی ١٢ ی ڕەشەمە دوو جاری تر و دوای عیشای ١٣ ڕەشەمەش دوو جاری تر دای لە مەریوان. ئەمە و زۆرتر لەمەش چیرۆکی هەر شار و گوند و گەڕەکێکە کە بنکەیەکی دەسەڵاتی تێدا بێت. هەموومان ئەزانین ئەمە شەڕە و ئەبێت خۆڕاگر بین و ورەمان بەرز بێت. دوعای خێرمان بۆ بکەن. خوای گەورە باشووریش بپارێزێت و هەمووتان بێوەی بن. جزاکم الله. 🤍

  • 25 февр.6 1672921

    🌱 ✓ #_عەلائەدین_سەجادی (1907 - 1984) #_حەریق (1856 - 1909) لەبەر پابەندیی بە تەسەووفەوە لەوانە بووە کە بزانێت وا دەمەدەمی ئەوە هاتووە کە کاڵای خۆی لە بازاڕی گێتیدا بپێچێتەوە و کۆچی دوایی بکا، هێناویەتی بە چەند ڕۆژێک لەپێش ئەم بارکردنەدا بەم شیعرانەی خوارەوەی ماڵاواییی لێ کردووین: لە خەرمانی ئەمەل مێرووی عەمەڵ جەزبی نەکرد دانێ لە زەیقەتخانەدا ترسم هەیە ئاخر سەری دانێ ئەڵێن جەردەی ئەجەل ڕێگا بە کاروانی نەفس ئەگرێ شەقامی سینە ئەبڕێ بۆ مەتاعی دیدە ئەڕوانێ تەریدەی نەفس و شەیتان قافڵەی تاعاتی غارەت کرد ئەگەر جاسووسی ئیمان نەبێ، دەرناچێ ئینسانێ ترازووی تاعەتت لەنگە، هەتا کەی ئەمسەر ئەوسەرتە بە پارسەنگی حەیا دەس هەڵبڕە، بنواڕە میزانێ بەسی بێ تاعەتی ڕووکەش مەلەک سەڕڕافی ئەعمالە موحەسسەل نەقدی قەڵبە، ناڕەوا ناباتە دیوانێ ئەوا بەردی ئەجەل هات و لە شووشەی عومری دا سا دەی بە قوربانی پیاڵەی چاوەکەت بم تێ کە فنجانێ حەیات خۆ چوو لەنێو جامەی حەیاتی عارییەت بێعار ئەوا داوای ئەکەن چ بکەم «حەریق» ی ڕێی ڕجا کوانێ بەڕاستی حەریق لەم شیعرانەدا مەردانە هاتووەتە دەست و زۆر بە جوانی مێرووی کردەوەی لە خەرمانی هێوا بێبەش کردووە. چەند بە ڕێکوپێکی پێت ئەڵێ: ئەوا ڕێگری مردن لە هەورازی سینەوە سەری ڕێی بە نەفس گرتووە و تەنگی بە گلێنەی چاویش هەڵچنیوە بۆ ئەوە بینایییەکەی لێ بسێنێ. ڕاست ئەکا ئەگەر هێزی ئیمان نەبێ، نەفس و شەیتان بە کفرەکۆنی هەچ کردەوەیەکی چاکە هەیە هەمووی تاڵان ئەکەن. ئۆف، چەند بە کوڵ دەری بڕیوە ئەو فەلسەفەیە کە ئەڵێ: ترازووی عیبادەت وا سەر ئەکا، دەسا وەرە پیاوانە بە پارسەنگی شەرم و حەیا ڕاستی کەوە و ئیتر شەرم بتگرێ با وا نەکا! ڕیاکاری پارە ناکا، چونکە کردەوەنووس فریشتەیە، ئەوەی بەکەڵکە عیبادەت و کردەوەیەکی خاوێن و دوور لە فڕوفێڵە کە بە ڕووسووری ئەبرێتە مەیدانەوە، ئەوی خراپەکەشیە ئەدرێتەوە بە سەرتا: «ماڵی قەڵب سەر بە خاوەنە». ئاخ چۆن بەردی مردن هات و مینای عومری شکاند! دەسا مەیگێری ئازیز تا شووشەکە بەتەواوی لێک جیا نەبووەتەوە بۆم تێ کە پێکێ! لەناو ئەم جلوبەرگی خواستراوی ژیانەدا هیچ ئاگات لێیە چۆن حەیات چوو و بێشەرم بوویت؟ بەڵێ، ئەوا داوای ئەو ژیانە ئەکەنەوە ئایا «حەریق» ئاخۆ ڕێی پاڕانەوە لە کوێ بێ؟ چارەسەرێک بکەم!  👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 21 февр.5 3513626

    🌴 ✓ #_شێرکۆ_بێکەس (1940 - 2013) سوورەچنارێک ئەیپرسی: ئەم شۆڕەبییە لەبەر چی سەری خستۆتە ناو کۆشی ئەو چەمەوە و هەڵی نابڕێ؟! کەوێک وتی: هێشتا قیت بوو هەموو جارێ بازۆڕییەک¹ ئەهات و ئەچووە سەر سەری بە چرپە هەواڵی دنیای ئەو بەر چەمی پێ ئەگەیان ئێوارەیەک، بازۆڕییەکە مژدەی پێ بوو، کە نیشتەوە واشەیەک خۆی پێدا کێشا کەوتە خوارێ شۆڕەبی بۆی نووشتایەوە دەری بێنێ دەستی نەگەیشتێ، نوقم بوو ئیتر لەو ساوە ئەم سەری وا لەناو کۆشی چەمدایە و بۆی ئەگەڕێ ¹ بازۆڕی: جۆرە باڵندەیەکی ڕەنگاوڕەنگە لە شێوەی چۆلەکەدا.  👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 17 февр.5 4983129

    🌻 ✓ #_مەولەوی (1806 - 1882) منارە، سەدای سەڵاش سەد تەرزەن مزگی، جە شادی دەماخش بەرزەن منارەی مزگەوتەکان سەد جۆر سەڵا و بانگیان لێ بەرز دەبێتەوە، مزگەوتەکانیش لە خۆشیدا دەماخیان بەرزە. مەی نە خوم چون من نە خەم ئەسیرەن مەیخانە سەفاش خەیلێ دڵگیرەن خوم: کووپەی مەی. واتە: شەرابیش بەهۆی ڕەمەزانەوە لە کووپەدا ماوەتەوە. وەکوو من کە گیرۆدەی خەم بووم، مەیخانەش خۆشیی تێدا نییە، چونکە کەسی پێدا ناچێت بۆ خواردنەوە. لوولەی تەراویح وەشوەش مدۆ دەنگ بێئاهەنگەن تار تەموورەی ئاهەنگ شمشاڵی زیکر و تەراوێح دەنگی زۆر خۆشی لێوە دێت، تار و تەمبوورەی ئاهەنگ و زەماوەن و ڕابواردن خۆشییان لێ بڕاوە. مەرحەبای لیباس تاعەتپۆشانەن ئەلوەدای کاسکاس بادەنۆشانەن کاتی مەرحەبا و بەخێرهاتنی ئەوانەیە کە جلوبەرگی تاعەت دەپۆشن و دەمی ماڵاواییکردن لە پیاڵەی مەیە بۆ مەیخۆرەکان. ساقی، سا سەد جار وە نازت نازوو هوردەر وە گوڵبانگ سەدای وَامْتازُوا نازوو: بنازم. گوڵبانگ: ئاوازی گەرم و بەجۆش. وَامْتَازُوا: بەشێکە لە ئایەتی وَامْتَازُوا الْيَوْمَ أَيُّهَا الْمُجْرِمُون. واتە: مەیگێڕ! سەد جار بنازم بەو نازەت کە داوتە پێم، هاوار و بانگی وَامْتَازُوا الْيَوْمَ هەڵدە تا ئەوانەی ڕۆژوویان گرتووە و ئەوانەی نەیانگرتووە لە یەک جیا ببنەوە. توڕڕەت نە ڕووی خاڵ جەبین سەراوێز پیاڵەت چون جام کەچ دار و مەرێز بۆ پیشاندانی مانگی شەوی جەژن، زولفت بەسەر ڕووی خاڵەکەی ناوچاوانتدا دابدە و چاوە گەورەکانت وەک پیاڵەیەکی شەراب کە لار کراوەتەوە نیشان بدە، بەڵام مەهێڵە بڕێژیەت. ستارەت نە شەو توڕڕەی قەترانی هوەیدا و پەنهان شەمس پێشانی قولاپە زیوینەکانی سەر زولفە ڕەشەکانت دەربخە، وەک ئەستێرەی شەوی تاریک؛ با ڕۆژی ڕووت دەرنەکەوێت. هیلال نە پای شەو نەسیم بۆی نافدا بنمان نەو شەفەق بادەکەی سافدا لە داوێنی ئەو شەوەدا کە زولفەکانتە و بۆنی میسکی لێ دێت، لە چاوتدا کە وەک سووراییی پیاڵەی شەرابی سافە، مانگی یەک‌شەوەمان نیشان بدە کە بڕوکانتە. هەی هیلال، هەی عید، خێزۆ جە یاران وە ڕەغمی گرۆی پەرهێزگاران با بە کوێراییی چاوی پارێزکاران هاواری «ئەوە مانگە! ئەمشەو جەژنە!» لەناو یاراندا بەرز بێتەوە. شادی دەر وە دڵ لای مەیخاراندا خەفەت دەر وە جەرگ ڕۆزەداراندا بە ئازادکردنی خواردنەوەی مەی، دڵی مەیخۆران خۆش بکە و جەرگی ڕۆژووەوانەکان پڕ بکە لە خەفەت کە نایانەوێت هەرگیز ڕەمەزان تەواو بێت. 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 9 февр.5 4373943

    🌼 ✓ #_نالی (1800 - 1877) زوڵفت کە لەسەر ڕوو بە خەم و تابشە ئەمڕۆ دوودی سیەهی عوودە لەسەر عاریزی پشکۆ دەستم کە بە سەد وەعدە لە سەد جێگە شکاوە جەبری نییە ئەم کەسرە هەتا نەیخەیە ئەستۆ خاڵت چییە دانەی گەنمی جەننەتی ڕووتە چاوت چییە فیتنەی حەرەمی قیبلەیی ئەبرۆ شەو بۆیی سەری سونبولی زوڵفت لە سەری دام ئێستەش سەرەکەم مەستە لەبەر نەشئەیی شەوبۆ نەمبیستووە هەرگیز لە دەمت بێنی وەفایێ هەر چەندە سەراپا گوڵی، ئەمما گوڵی هێرۆ قوربان وەرە تا ئەم غەزەلە تازە لەبەر کەین عیزز و شەرەفی «نالی» بە تەشریفی قەدی تۆ 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 4 февр.5 9741923

    🌸 ✓ #_ویساڵی (1902 - 1973) موددەتێکی زۆرە عەزمی دیدەنی یارم هەیە بۆ ئیشارەی مەقدەمی گوڵ، چاوی خوونبارم هەیە سینەکەم سووتا بە تابی عەشقی ڕوویی نازەنین هەر وەکوو مەجمەر هەمیشە قەلبی پڕنارم هەیە هەمقەرینی ڕۆژ و شەومە حوببی بەلقیسی حەبیب وەک سولێمانی جێیانی لەعلی دڵدارم هەیە هەر وەکوو بولبول غەزەلخوانم بەسەر شاخی گڵۆ بەزمی عوشرەت ساز ئەکەم چون عەیشی گوڵزارم هەیە من لەگەڵ دەمسازی غەمدا تەپڵی شاهی لێ ئەدەم خەسرەوی شیریننیگارم، قەسری زرکارم هەیە وا تەڵاقم دا عەجووزەی هیجر و شاهید بن ڕەفیق بیکر و وەسڵم بۆ پەیا بوو، ئارەزووی نارم هەیە هەوری زوڵفی وا لەسەر ماهی ڕوخی زائیل بووە تاری هیجرانم بەسەر چوو، شەمسی دیدارم هەیە وا لە مەیخانی فەرەحدا شاهید و مەی حازرن خاترێکی جەمع و خۆش و یاری نازدام هەیە هەر سەحەرگە نەغمەخانم میسلی قومری خۆشنەوا سەد شوکر ئێستە لە باغا وەردی بێخارم هەیە ڕۆژ و شەو مەستم بە جامی خەمری بۆسی لێوی یار هەر وەکوو قەیسەر هەمیشە یاری خوممارم هەیە کەوکەبی سەعدم لە مەتلەع حمدللە تالیعە بەم هەموو جاهـ و جەلالە بەختی بێدارم هەیە نەونیهالی باغی ئۆمید ئەی «ویساڵی» هاتە بەر لائیقە ئێستە بنازم سەرو و جۆبارم هەیە 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 29 янв.5 8194122

    🌺 ✓ #_مەحوی (1836 - 1906) لا عاش سوىٰ ذكرك قلبي و لساني ای آنکه به نام همچو مسیحای زمانی هەر غەمکەش و حەسرەتبەشی فەرهادی حەزینم لەو وەقتەوە تۆ خوسرەوی شیرینی جیهانی در آرزوی لعل لبت اشک چو لعلم ای لعل دل از لعل لبت لعل یمانی ڕەحمێ کە بە حاڵی دڵی غەمکێشی غەریبان جانانەیی جانی، چییە هەر یاری زوبانی عوششاقی جگەرسۆختە هەر حەسرەتە بەشیان لوتفی نییە مەعشووقە لەبۆ عاشقی فانی «محوی» به غم از یار به هجران جفایش لو أهرُبُ من حُبه فاللّهُ جفاني 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry

  • 21 янв.5 9172719из Kurdish_Poetry

    🎧 ✔️ دووی ڕێبەندان ✔️ #_دڵدار (1918 - 1948) ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کوردزوبان نایڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە زیندووە، هیچ نانەوێ ئاڵاکەمان 🎆 شیعر و هۆنراوە 🎆

  • 7 янв.6 8366058

    🥀 ✓ #_شێرکۆ_بێکەس (1940 - 2013) ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و ڕەشەبا بوو ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی بەورێکەوە ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و بەباران بوو ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی گۆمێکەوە ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و خۆرەتاو بوو ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی تیشکێکەوە ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و بەفرانبار بوو ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی کەوێکەوە ئەگەر لە ڕۆژێکدا مردی و تەمتوومان بوو ڕەنگە ڕۆحت بچێتە ناو لەشی دۆڵێکەوە بەڵام ئێستە وەک ئەبینن من زیندووم و شیعرتان بۆ ئەخوێنمەوە و کەچی ڕۆحم زۆر دەمێکە چۆتە جەستە و ناو لەشی کوردستانەوە 👇✍️ 📚 | @Kurdish_Poetry