صلاح الدین أحمد
Статистикаکەناڵێکی هزری زانستی ڕۆشنبیرییە، ئامانجی ئاڕاستەکردنی تاکی کوردە بۆ هزرێکی ئوممەتی و هاوسەنگ، هاوکات لەگەڵ پێدانی زانیاری گشتی و ڕۆشنبیری ئیسلامی و بابەتی زانستی شەرعی و زانستە ئیسلامییەکان.
- Последний пост
- 13 авг.
- Последнее чтение
- 13 авг.
- Постов за неделю
- 2
- Всего постов
- 22
- Тип
- открытый
- Язык
- ku
- В каталоге с
- 13 авг.
- 1/24сутки в ленте
- 172
- 1/48двое суток
- 197
- 1/72трое суток
- 212
Оценка по просмотрам недавних постов: пост набирает почти всё за первые сутки.
Посты
ئێمەی ئادەمیزاد هەر واین، هەمیشە چاومان لەسەر ئەو شتانەیە کە نیمانە. لەبری ئەوەی سوپاسی ئەو هەموو شتە بکەین کە هەمانە، تەنیا بیر لەو کەلێنانە دەکەینەوە کە لە ژیانماندا هەیە. ئەوەی پێمان دراوە زوو لەبیرمان دەچێتەوە، بەڵام ئەوەی لێمان سەندراوەتەوە یان پێمان نەدراوە قەت لە یادمان ناچێت. مامەڵەمان لەگەڵ خوای گەورەشدا هەر بەو جۆرەیە. مرۆڤ ساڵەهای ساڵ بە لەشساغی و بێ کێشە دەژی و جارێک ناڵێت سوپاس خوایە، وادەزانێت ئەوە هەر دەبێت وا بێت و مافی حاشاهەڵنگری خۆیەتی. بەڵام کە تەنیا بۆ چەند ڕۆژێک تووشی دەردێک یان نەخۆشییەک دەبێت، یەکسەر دەست دەکات بە گلەیی و دڵی دەگۆڕێت. ئەو هەموو تەمەنەی کە بە ئارامی بەسەری بردووە، لە یەک ساتدا و لەپێناو ئەو شتەی کە لێی گیراوەتەوە لەبیری دەکات. لەگەڵ دەوروبەر و خەڵکیشدا دەقاودەق هەمان هەڵوێستمان هەیە. دەتوانیت سەد جار چاکە لەگەڵ خزمێک یان برادەرێک بکەیت و لە هەموو تەنگانەیەکدا فریای بکەویت، بەڵام ڕۆژێک کە لە تواناتا نەبێت ئیشێکی بۆ جێبەجێ بکەیت سەد چاکەکەت دەبێت بە سفر. ئینسان وایە، خزمەتی ساڵەهای ساڵ بە یەک نەخێر و بە یەک بۆنەکردن لەبیر دەکات و تەنیا ئەو کاتەی لە یاد دەمێنێتەوە کە داواکارییەکەی بۆ جێبەجێ نەکراوە. ئەم خوە خراپەی خۆمان وای کردووە کە قەت دڵمان ئیسراحەت نەکات. هەتا فێر نەبین قەدری ئەو شتانە بزانین کە پێمان دراوە و بۆمان کراوە، هەرگیز ئارامی بەخۆمانەوە نابینین. پێویستە چاومان لەسەر ئەو شتانە بێت کە خوای گەورە پێی داوین و خەڵک بۆی کردووین، نەک ئەو شتانەی پێمان نەدراوە یان بۆیان نەکردووین.
سەرنج -برینە بێدەنگەکەی ئوممەت,موسڵمانانی ئیغۆر پێشکەشکردنی: عمران حسن ئەم لینکە داگرە بۆ بینینی ڤیدیۆیەکە لە یوتیوب https://youtu.be/b2dB-5-1Le0 #سەرنج #ژین_zheen فیسبوک | انستگرام | ئێکس تیلیگرام | یوتیوب | تیک تۆک
مافەکان کران بە ئامانج و خەڵکیان پێ مەشغوڵکرا!!! مافە سەرەتاییەکان شتێکی سروشتی بوون کە دەبوو هەر لە سەرەتاوە بوونیان هەبێت. بەڵام سیستەمە دەسەڵاتدارەکان یارییەکی مەترسیداریان کرد و ئەم مافانەیان گۆڕی بۆ ئامانجێکی دوور. مرۆڤ لەبری ئەوەی ژیانێکی ئارام بژی، ناچار کرا هەموو تەمەنی لە پێناو بەدەستهێنانی شتە سەرەتاییەکاندا سەرف بکات. ئەمە ستراتیژێکی زۆر قووڵ بوو بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگە. کاتێک خەڵک بە بەردەوامی خەبات دەکەن بۆ بژێوی، بۆ ئارامی، بۆ خزمەتگوزاری و بۆ ئازادییە بچووکەکان، چیتر کاتیان نامێنێت بیر لە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان بکەنەوە. ئەو کاتەی کە دەبوو بۆ داهێنان و پێشکەوتن و بیرکردنەوە لە ئاستێکی باڵاتر تەرخان بکرێت، بوو بە قوربانی ڕاکردن بە دوای مافە زەوتکراوەکاندا. بەم شێوەیە دەسەڵاتەکان توانیان کۆنترۆڵی ئاڕاستەی بیرکردنەوەی تاکەکان بکەن، چونکە مرۆڤی ماندوو، هەمیشە تەنها بیر لە تێرکردنی پێداویستییەکانی ئەو ساتەی دەکاتەوە و توانای بینینی ئاسۆیەکی فراوانتری نابێت. لێرەوە کارەساتە گەورەکە دەستی پێکرد. ژیان لە ئامانجێکی باڵاوە گۆڕا بۆ گۆڕەپانێکی ململانێی بەردەوام، کە تێیدا سەرکەوتن تەنها بریتییە لە وەرگرتنەوەی بەشێکی بچووک لەو شتانەی کە هەر لە بنەڕەتدا موڵکی خۆمان بوون. مرۆڤەکان بە مافەکانیانەوە سەرقاڵ کران، بۆ ئەوەی هەرگیز درک بەوە نەکەن کە شایستەی بوونێکی زۆر لەوە گەورەترن.
ئەم کتێبە بژاردەیەکی زۆر گونجاوە بۆ بنیاتنانی مەنهەجی فیکریی گەنجان. دەکرێ بکرێتە مەنهەجی فیکری و بە دەرس بخوێندرێ. بە شێوازێکی مەنهەجی و زانستی و پەروەردەیی داڕێژراوە و چەند ئامانجێکی گرنگ دەپێکێت: ١. شیکردنەوەی قووڵی ئاڵنگارییە سەردەمییەکان. ٢. خستنەڕووی جێگرەوەی (بەدیل) واقیعی و شەرعی. ٣. ئاراستەکردنی تاکی موسڵمان بەرەو هۆشیارییەکی هەمەلایەنە و سەردەمیانە. ٤. داڕشتنی بناغەیەکی فیکریی پتەو و تۆکمە. تێبینی: خوێندنەوەی خێرا بۆ ئەم جۆرە کتێبە مەنهەجییانە بەس نییە؛ بۆیە پێشنیار دەکرێت بە وردی، لەسەرخۆ و چەند جارێک بخوێنرێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی لێ وەربگیرێت.
بەرهەمی نوێ ئاوێنە شێواوەکان - ناسنامەی موسڵمان لەبەردەم ئاڵنگاری گۆڕانکارییە خێراکاندا
بەرهەمی نوێ ئاوێنە شێواوەکان - ناسنامەی موسڵمان لەبەردەم ئاڵنگاری گۆڕانکارییە خێراکاندا
لە قەدیم، کەسێک هەبوو، هەمیشە لە ژیانی خۆی ناڕازی بوو. ڕۆژێک پەنا دەباتە بەر کەسێکی دانا بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە، ئەویش پێی دەڵێت بڕۆ کەڵەشێرێک و بزنێک و گوێدرێژێک لەگەڵ خۆت لە ماڵەوە ڕابگرە. دوای ماوەیەک پیاوەکە بە بێزارییەوە دەگەڕێتەوە و دەڵێت ژیانم وێران بووە لەدەست قوقەی کەڵەباب و هاڕەی بزن و زەڕەی گوێدرێژەکە. لێرەدا کەسە داناکە پێی دەڵێت سەرەتا کەڵەبابەکە لابەرە. کاتێک لای دەبات هەست بە کەمێک ئارامی دەکات، بەڵام هێشتا ناڕازییە. دواتر پێی دەڵێت بزنەکەش لابەرە، پیاوەکە هەست بە باشتربوونێکی زیاتر دەکات. لە کۆتاییدا پێی دەڵێت گوێدرێژەکەش دوور بخەرەوە. کاتێک هەر سێ ئاژەڵەکە لە ماڵەکەی دەباتە دەرەوە، پیاوەکە بە دڵخۆشییەوە دەگەڕێتەوە و دەڵێت ئێستا ژیانم هیچ عەیبێکی نەماوە و زۆر ئاسوودەم. ئەمە تەنها چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی سایکۆلۆژیای مرۆڤە لە بەرامبەر دروستکردنی بارگرانیی دەستکرددا. ژیانی ئەم پیاوە لە بنەڕەتدا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەخۆیەوە نەبینیوە و نەچووەتە قۆناغێکی باشترەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە باری سەرشانی زۆر قورستر کرا و دواتر وردە وردە لێی سووک کرایەوە بۆ خاڵی سفر. ڕێک بە هەمان لۆژیکی ئەم چیرۆکە، دەسەڵاتە ستەمکارەکان مامەڵە لەگەڵ میللەتەکانیان دەکەن و درک بەم ستراتیژە دەروونییە دەکەن. کاتێک کۆمەڵگە هۆشیار دەبێتەوە و داوای مافە بنەڕەتییەکانی دەکات، یان لە دۆخی گشتی و شێوازی بەڕێوەبردن ناڕازی دەبێت، دەسەڵات لەبری وەڵامدانەوە و چارەسەرکردن، قەیرانی نوێ و ترسناک دروست دەکات. قەیرانەکان یەک لەدوای یەک بەسەر یەکدا کەڵەکە دەکرێن، وەک بێمووچەیی و نەبوونی ئاسایش و تێکچوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. لێرەدا مرۆڤەکان لە نێو زەلکاوی کێشە دروستکراوەکاندا نغرۆ دەبن و تەواوی خەونە گەورەکان و داواکارییە بنەڕەتییەکانیان لەبیر دەچێتەوە. ئیدی تاکە ئامانجی هاووڵاتی دەبێتە ئەوەی تەنها یەکێک لەو نەهامەتییانەی لە کۆڵ بێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت کەمێک ئارام بگرێت و هەناسەیەک بدات. دەسەڵاتی ستەمکار بە شێوەیەکی فێڵبازانە وەک فریادڕەسێک خۆی نیشان دەدات و یەکێک لەو بارگرانییانە لادەبات کە هەر خۆی خولقاندبووی. خەڵکیش لەبری دەربڕینی ناڕەزایەتی، هەست بە سوپاسگوزارییەکی قووڵ دەکەن بەرامبەر بە حوکمڕانەکانیان و وا هەست دەکەن دەسکەوتێکی گەورەیان بەدەست هێناوە. ئەمە لوتکەی کارەساتی سیاسی و دەروونییە، کە تێیدا نەتەوەیەک هێندە بە ئازارە لاوەکییەکانەوە سەرقاڵ دەکرێت، تا بە تەواوی ئازادییە ڕاستەقینەکەی و کەرامەتی لەبیر دەچێتەوە و بە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفری نەهامەتییەکانیش دەبێتە دڵخۆشترین کەس.
لە ڕابردوودا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن پەیوەندییەکی یەک ئاراستە بوو. ئێمە تەنها بینەر و بیسەر و خوێنەری شاشە و ڕۆژنامەکان بووین، لەوێدا میدیا تەنها گەیەنەر بوو، ئێمەش وەرگرێکی بێدەنگ بووین کە بە ئارەزووی خۆمان کۆنترۆڵی کات و جۆری بینینمان دەکرد. (تلفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە و گۆڤار). بەڵام لە سەردەمی دیجیتاڵی و شۆڕشی تەکنەلۆژیای زانیاریدا ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە. ئێستا میدیا لە ئامرازێکی بێگیانەوە گۆڕاوە بۆ چاودێرێکی زیرەک و نەبینراو، کە زۆر زیاتر لەوەی ئێمە سەیری بکەین ئەو چاودێریمان دەکات و دەمانپشکنێت. هەر کرتەیەک، هەر وەستانێک لەسەر وێنەیەک، هەر گەڕانێک بەدوای زانیارییەکدا، دەبێتە پێدراوێک بۆ ئەلگۆریتمەکان تا نەخشەی دەروونی و شاراوەترین حەزەکانمان بکێشن. میدیای نوێ تەنها هەواڵمان پێ نادات، بەڵکوو هەواڵی ئێمە کۆدەکاتەوە، دەمانخوێنێتەوە و شیکردنەوە بۆ وردترین هەستەکانمان دەکات تا بزانێت چۆن ئاراستەمان بکات و چیمان پیشاندات و بیهێنێتە بەر چاومان. لەم سەردەمەدا ئێمە چیتر تەنها بەکارهێنەر نین، بەڵکوو خودی خۆمان بووینەتە کاڵا. شاشەکان بوونەتە ئاوێنەیەک کە نەک تەنها ڕووخسارمان، بەڵکوو ناخ و بیرکردنەوەشمان دەبینن و پێش خۆمان دەزانن لە چرکەساتی داهاتوودا حەزمان لە چییە و چیمان دەوێت. ئەگەر جاران میدیا پەنجەرەیەک بووبێت بۆ بینینی جیهان، ئەوا ئەمڕۆ بووەتە چاوێکی گەورە کە جیهان لە ڕێگەیەوە سەیری ناخی ئێمە دەکات. ئەم گۆڕانکارییە قووڵە پێمان دەڵێت کە ئێمە چیتر بەتەواوی خاوەنی بڕیارەکانی خۆمان نین، بەڵکوو تەنها وەڵامدەرەوەیەکی بێئاگای ئەو ئارەزووانەین کە میدیا پێشوەختە بۆمانی ئامادە دەکات، ئیدی پێشوەختە ئەو بۆمان دیاری دەکات ئەوڕۆ سەیری چی دەکەین و دەبێ چ شتێک ببینین و بەچیەوە سەرقاڵ بین.
کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە داوی عیشق و خۆشەویستییەوە، تەواوی ژیانی سەرەوژێر دەبێت. عاشق ئامادەیە تا بەیانی چاو لە خەو بڕەوێنێتەوە و بەدیار نامەیەکەوە دابنیشێت، سەعاتەها قسە دەکات و هەرگیز بێزار نابێت. دڵی بەردەوام لای ئەوە و بۆی دەسوتێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی خوای گەورە، چیرۆکەکە تەواو دەگۆڕێت. ئێمە تاقەتی چەند خولەکێک نوێژمان نییە و بە پەلەپەل لە بەردەمیدا ڕادەکەین، بۆ دروستکراوێک دەسوتێین، کەچی لە ئاست ئەو زاتەی دڵی پێداوین هێندە ساردین. گەر عاشق وەڵامێکی دەست نەکەوێت یان هەست بکات خۆشەویستەکەی لێی زویرە، ئاگری تێبەردەبێت و دنیا لەبەرچاوی تاریک دەبێت، تەنانەت دەگری و ئارامی لێ هەڵدەگیرێت. عاشق چاوی کوێرە و تەنها جوانییەکانی بەرامبەرەکەی دەبینێت، کەچی ئێمە نیعمەتە بێشومارەکانی خوا نابینین و چاومان تەنها لەسەر نەهامەتییەکانە. ئەگەر ناوی گەڕەک و شاری دڵبەرەکەی بهێنرێت دڵی عاشق دەلەرزێت و مەست دەبێت، بەڵام سەیرە کە ناوی پەروەردگار دەبیستین هیچ شتێک لە ناخماندا ناگۆڕێت و ناهەژێین. ئێمە لەسەر قسەیەک ئامادەین شەڕ بۆ مەعشوق و خۆشەویستەکانمان بکەین، بەڵام زۆر بە دەگمەن بیر لەوە دەکەینەوە ئاخۆ پەروەردگارمان لێمان ڕازییە؟. بۆ عیشقێکی کاتی، مرۆڤ ئامادەیە شار و وڵات جێبهێڵێت و گیانی خۆی بکاتە قوربانی، بەردەوام دەڵێت بە قوربانت بم... ئەمە گەورەترین کێشەی مرۆڤە، کە هەموو شتێک دەبەخشێتە کەسێک کە ڕۆژێک هەر لێی جیادەبێتەوە، بەڵام هیچی نییە بۆ ئەو پەروەردگارەی کە تا هەتایە لەگەڵیدایە و هیچ شتێک هاوشێوەی مەزنیی ئەو نییە.
غەززە ۱۲۲ شەهیدی یەک بنەماڵە
لە سەردەمی ئێستادا سنووری نێوان هەردوو ڕەگەز بەرەو داڕمانێکی ترسناک چووە و دەچێت. ئامێرە زیرەکەکان و تێکەڵاوییە بێسنوورەکان، ئەو دیوارە کۆمەڵایەتییەیان ڕووخاندووە کە سەردەمانێک پارێزەری حەیا و ڕێزی نێوان مرۆڤەکان بوو. مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژینگەیەکیان دروستکردووە، کە تێیدا هیچ تایبەتمەندییەک نەماوەتەوە. ئەم کرانەوە لەڕادەبەدەرە وایکردووە، مامەڵەی نێوان نێر و مێ لە چوارچێوەی ڕێزێکی سەنگینەوە داببەزێت بۆ تێکەڵاوییەکی هەڕەمەکی و بێپاساو. کاتێک مرۆڤەکان هەموو سنوورەکانی یەکتر دەبەزێنن، ئەو شکۆ و بەهایەی کە دەبوو لە پەیوەندییەکاندا هەبێت بەتەواوی لەدەست دەچێت، هەروەها جۆرێک لە بێباکی و بێڕێزی جێگەی دەگرێتەوە. لێرەدا حیکمەتی قووڵی کوردەواری خۆی دەنوێنێت کە دەڵێت (ژنی بەشەرم شارێک دێنێت). ئەم دەربڕینە لە ڕوانگەیەکی دواکەوتووانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، هەروەها مەبەست لێی لاوازی و بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە لوتکەی هێز و متمانە بەخۆبوون. شەرم لەم تێڕوانینەدا واتە پاراستنی سەنگینی و حەیا، واتە دانانی سنوورێکی پۆڵایین کە کەسانی تر نەتوانن بە ئاسانی و بێباكانە بیبەزێنن. ئەو ئافرەتەی سنوورەکانی خۆی دەناسێت و دەیپارێزێت، لە ڕاستیدا بەهایەکی گەورە بە بوونی خۆی دەبەخشێت، لە هەمان کاتیشدا ڕێز بەسەر دەوروبەرەکەیدا دەسەپێنێت. پاراستنی ئەم مەودایە نەک تەنها بۆ ئافرەت، بەڵکو بۆ پیاویش پێویستییەکی ئەخلاقییە بۆ هێشتنەوەی کەرامەت. پێویستە بزانین کە تێکەڵاویی بێسنوور ئازادی نییە، بەڵکو ونبوونی شوناس و کەرامەتە. گەڕانەوە بۆ پاراستنی سنوورەکان و بەرزڕاگرتنی حەیا، تەنها ڕێگەیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە و نەوەیەکی تەندروست، کە تێیدا هەردوو ڕەگەز بە ڕێز و سەنگینییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن.
خەوی شەو نیعمەتێکی گەورەی خودایە و پێویستییەکی حەتمییە بۆ تەندروستی. لەم سەردەمەدا شەونخونی و نەخەوتنی شەوان بەتایبەت لەناو جیل و نەوەی نوێ بووەتە نەریتێکی زۆر نامۆ بە بەهاکانی کوردەواری و ئیسلام. گەنجانی ئەمڕۆ لە جیاتی پشوودان، شەو تا بەیانی بەدیار شاشەی ئامێرەکانەوە دەمێننەوە و کاتەکانیان بە سەیرکردنی سەدان ڤیدیۆی بێمانا بەفیڕۆ دەدەن. ئەم چاوبڕینە بەردەوامەی شاشەکان هیچ شتێک ناخاتە سەر خەرمانی زانست و ئیمان و فیکریان، بەڵکو تەنها مێشکیان بە زانیارییەکی زۆر و بێسوود ماندوو دەکات، لەولاشەوە دەبێ ڕۆژ تا ئێوارە بخەون بۆ قەرەبووی خەوی شەو، بەڵام بەهیچ جۆرێک قەرەبوو ناکرێتەوە. لە ڕووی زانستییەوە ئەم جۆرە شەونخونییە سیستەمی بایۆلۆجی و هۆرمۆنەکانی لەش بەتەواوی وێران دەکات. تیشکی شاشەکان ڕێگری لە دەردانی هۆرمۆنی خەو دەکات و مێشک دەخەڵەتێنێت، بەمەش خانەکانی لەش توانای نوێبوونەوەیان لەدەست دەدەن و مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبێت. کاریگەریی و دەرەنجامەکانی ئەم کارەساتە لە ڕۆژدا بەڕوونی دەردەکەوێت. کاتێک گەنجێک تەواوی شەو لەناو جیهانی مەجازی و بەخەبەری بەسەر دەبات، بۆ بەیانییەکەی هیچ وزەیەکی تێدا نامێنێت بۆ کارکردن و هەوڵدان. بەهۆی ئەم خەواڵوویی و بێهێزییەی جەستە و دەروونەوە، نەوەی نوێ توانای ئەرک هەڵگرتن و بەرپرسیارێتییان لەدەست داوە. ئەوان ناتوانن ببنە کەسێکی بەرهەمدار بۆ کۆمەڵگە و خێزانەکانیان، چونکە ئەو کاتەی دەبوو بۆ بنیاتنانی داهاتوو و بەدەستهێنانی بژێوی تەرخان بکرێت، بە خەوی درەنگوەختی ڕۆژ دەکوژرێت و تەمبەڵییەکی کوشندە باڵیان بەسەردا دەکێشێت. تەنها ئەو کەسانە هەست بە نیعمەتی خەوی شەو دەکەن، کە شەوان زوو و پێش کاتژمێر ۱۰ و ۱۱ دەخەون، چونکە بەیانی بەبێ زەنگ و بێدارکەرەوە و بە وزەیەکی زۆر و مێشک و دڵێکی ئارامەوە بەخەبەر دێن، دوای نوێژی بەیانیش زۆرترین بەرەکەتی تێدایە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەرهەمدار بن.
نەوەی تازەپێگەیشتوو و خواردنی خراپ و دەرمانی جوانکاریی! لەم سەردەمەدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی شاراوە و مەترسیدار بووینەتەوە کە ڕاستەوخۆ بەرۆکی گەنجان و نەوجەوانان گرتووە. گۆڕانی شێوازی ژیان و دوورکەوتنەوە لە سروشت وایکردووە نەوەی نوێ بکەونە ناو تەڵەی ژیانێکی دەستکرد و ناتەندروستەوە، ئەم لادانەش کارەساتێکی درێژخایەنە کە هەڕەشە لە ئایندەی مرۆڤایەتی دەکات. خووگرتنی کوڕان و کچانی تازەپێگەیشتوو بە خواردنە مارکێتی و لەقتوونراوەکان و ژەمە خێرا و ناتەندروستەکانی بازاڕەوە، سیستەمی بایۆلۆژی جەستەی بەتەواوی شێواندووە. ئەم جۆرە خۆراکانە پڕن لە ماددەی کیمیایی و پارێزەری زیانبەخش کە وردە وردە ژەهر دەکەنە جەستەوە. لەپاڵ ئەمەشدا بەکارهێنانی بێسنووری دەرمانە جوانکارییەکان و ماددە ئارایشییەکان، بووەتە هۆی تێکچوونی باڵانسی هۆڕمۆنەکان و لاوازبوونی سیستەمی بەرگری. ئەم هێرشە دوولایەنەیەی خۆراکی خراپ و جوانکارییە کیمیاییەکان گەورەترین مەترسییان لەسەر نەوەی داهاتوو دروستکردووە، بەجۆرێک زانایان هۆشداری دەدەن کە ئەم شێوازە ژیانە دەبێتە هۆی شێواندنی جیناتەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەزۆکی و لەدایکبوونی منداڵی ناتەندروست و وێرانبوونی جەستە، کە دواتر دەبێتە گەورەترین کارەسات لەسەر کۆمەڵگەکان و داڕمانی جەستە و بوونیادی مرۆیی. بەداخەوە پێوەرەکانی جوانی و قبوڵکردن لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا تووشی داڕمانێکی سەیر بوون. ئێستا مرۆڤەکان تەنها بە ڕەنگی پێست و شێوەی لوت و ئەستووری لێو و ڕێکخستنی جەستەیان هەڵدەسەنگێندرێن، ئەم تێڕوانینە ڕووکەشەش وایکردووە بەهای ڕاستەقینەی مرۆڤ و جوانییە ناوەکییەکان بەتەواوی ون ببن. کاریگەرییەکانی ئەم هەموو تێکچوونە جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییە لەناو خێزانەکاندا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. کاتێک بنەمای دروستبوونی خێزان لەسەر شێوەیەکی ڕووکەشی کاتی بونیاد دەنرێت، بێگومان تەمەنی ئەو پەیوەندییە کورت دەبێت. لە ڕاستیدا خودی ئەم جۆرە لە جوانکارییە دەستکرد و کاتییانە جۆرێکە لە هەڵخەڵەتاندن و خیانەتکردن لە بەرامبەر، چونکە وێنەیەکی ساختە پیشان دەدات کە دوورە لە ڕاستییەوە. کاتێک پاش هاوسەرگیری پەردەی ئەم ڕووکەشییە لادەچێت و ڕاستییەکان دەردەکەون، بنەمای متمانە لەنێوان ژن و مێرد بەتەواوی دەڕووخێت. ئەم فێڵە شاراوەیە هۆکارێکی ڕاستەوخۆ و سەرەکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری زۆر لاواز بێت و ڕێژەی تەڵاق بەشێوەیەکی ترسناک زیاد بکات، چونکە ڕۆحەکان خاڵین و پەیوەندییەکەش لەسەر بنەمایەکی درۆینە دروستبووە.
بەشێکی ئەو دیندارانەی کە شەو و ڕۆژ خەریکی موحاسەبەی موسڵمانانن لەسەر جوزئیات، ژیانی خۆیان و دەوروبەریان کردووە بە شەڕێکی بەردەوامی ئیختیلافی فیکری و فیقهی. ئەوانە شتی زۆر زۆر بچووک گەورە دەکەن و پێوەری ئیمانی خەڵکی بە تێگەیشتنە تەسکەکانی خۆیان دەپێون، بە جۆرێک کە دیندارییان لای بەرامبەر کردووە بە بارێکی قورس و بێزارکەر. بەڵام ژیان هەمیشە وانەی سەختی پێیە، بۆیە بەشی زۆریان ڕێک بە منداڵەکانیان تاقی دەکرێنەوە. ئەو منداڵانەی لە ناو ماڵێکدا گەورە دەبن کە پڕە لە لێپرسینەوە و خنکاندن، وردە وردە هەست بە بێزاری دەکەن و لە ڕێگا ڕاستەکە لادەدەن. لە جیاتی ئەوەی ببنە ئەو کەسەی باوک و دایکیان دەیانەوێت، بە تەواوی لا ڕێ و لار و لەوێر دەبن و پابەندییان بە بەها و بنەماکانی ئیسلام نامێنێت، چ جای بگاتە جوزئیات و فروعیات. ئەوکاتە تێڕوانینی بەشێک لەو کەسانە بە ناچاری دەگۆڕێت. ئەو دیندارەی جاران ئامادە بوو لەسەر شتێکی زۆر لاوەکی شەڕێکی گەورە لەگەڵ موسڵماناندا بکات و لە مزگەوتەکاندا لەسەر شتی بچووک کێشەی زۆر گەورە بنێتەوە و ....، ئێستا لە ئاست ڕەفتاری منداڵەکەی خۆیدا دەستەوەستان و بێدەسەڵاتە. کاتێک دەبینێت منداڵەکەی خەریکە هەموو شتێک لەدەست دەدات، ئیتر هەڵوێستەکەی زۆر دەگۆڕێت و تەنها مەمنونە منداڵەکەی نوێژ بکات و هیچی تر. ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دین بۆ ئاسانکاریی و ڕێنموونی و تەبایی و پەروەدەی جوان و ڕەوشتی بەرز و پێ چەسپاویی و دونیابینییە، نەک بۆ ئەوەی خەڵکی پێ تاقەتپڕووکێن بکرێت و لەسەر شتی بچووک و بابەتی فەرعی و لاوەکی دڵی موسڵمانان بریندار بکەی و ڕیزی موسڵمانان شەق شەق بکەی و دووبەرەکی و ڕق و کینە بڵاوبکەیەوە.
سەرقاڵیان بکەن بە شتی بچووک با داوای شتی گەورە نەکەن! مێژووی دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەمیشە لەسەر یەک ستراتیژی نەگۆڕ و ترسناک بنیات نراوە، ئەویش سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەیە بە وردەکارییە بچووکەکانی ژیانەوە بۆ ئەوەی پرسە گەورەکان و مافە بنەڕەتییەکانیان بیر بچێتەوە. ئەمە سیاسەتێکی سیستماتیک و وردە کە ئامانجی سەرەکی تێیدا کوشتنی ئیرادەی مرۆڤ و داماڵینییەتی لە بیرکردنەوە لە ئازادی و شکۆمەندی. کاتێک مرۆڤەکان لەناو بازنەیەکی داخراوی نەهامەتیدا دەخولێنەوە، ئیتر توانای بینینی ئاسۆی فراوانتریان نامێنێت. قەیرانەکان لەم جۆرە سیستەمانەدا قەدەری سروشتی نین، بەڵکوو ئامرازێکی دەستکردی دەسەڵاتن بۆ دەستەمۆکردنی هاووڵاتیان. سەرقاڵکردنی خەڵک بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و بەنزین، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە سزادانی بەکۆمەڵ و ڕامکردنی کۆمەڵگە. ئەمە هاوکێشەیەکی تاڵ و نالۆژیکییە کە نیشتمانێک سەرچاوەی وزە بێت و نەوت و غاز بۆ هەموو جیهان هەناردە بکات، کەچی خاوەنە ڕاستەقینەکانی خاکەکە خۆیان لە سەرمای زستاندا بلەرزێن و لە ڕیزە درێژەکانی سوتەمەنی و بەنزیندا بتلێنەوە. ئەمە لوتکەی بێباکی و هەڵەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو پیلانێکی قووڵە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە هێندە ماندوو ببن کە تەنها خەون بە بەدەستهێنانی بەرمیلێک نەوت یان چەند لیترێک بەنزین ببینن، ئەویش بە پارەیەکی زۆر، نەک بە خۆڕایی و حەقی خۆی! ئامانجی کۆتایی ئەم سیناریۆ دووبارانە زۆر ڕوونە، دەسەڵات دەیەوێت مرۆڤەکان لە قۆناغی خەمی گەدە و مانەوەی فیزیکیدا بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی هەرگیز بوێری ئەوە نەکەن داوای مافە گەورەکان و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بکەن. دروستکردنی ئەم قەیرانە یەک لەدوای یەکانە پڕۆسەیەکی بەردەوامی (بە ئامانجکردنی مافەکانە) لەپێناو مانەوەی ستەمکاری. کاتێک وزەی مرۆڤەکان لە ململانێی ڕۆژانە بۆ پەیداکردنی بچووکترین پێداویستی دادەدۆشرێت، ئیتر هێزێک نامێنێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داواکردنی گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان، بەمەش دەسەڵاتدارەکان لەسەر پشتی نەهامەتییەکانی گەل درێژە بە مانەوەی پڕ لە خۆشگوزەرانی خۆیان دەدەن.
سەرقاڵیان بکەن بە شتی بچووک با داوای شتی گەورە نەکەن! مێژووی دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەمیشە لەسەر یەک ستراتیژی نەگۆڕ و ترسناک بنیات نراوە، ئەویش سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەیە بە وردەکارییە بچووکەکانی ژیانەوە بۆ ئەوەی پرسە گەورەکان و مافە بنەڕەتییەکانیان بیر بچێتەوە. ئەمە سیاسەتێکی سیستماتیک و وردە کە ئامانجی سەرەکی تێیدا کوشتنی ئیرادەی مرۆڤ و داماڵینییەتی لە بیرکردنەوە لە ئازادی و شکۆمەندی. کاتێک مرۆڤەکان لەناو بازنەیەکی داخراوی نەهامەتیدا دەخولێنەوە، ئیتر توانای بینینی ئاسۆی فراوانتریان نامێنێت. قەیرانەکان لەم جۆرە سیستەمانەدا قەدەری سروشتی نین، بەڵکوو ئامرازێکی دەستکردی دەسەڵاتن بۆ دەستەمۆکردنی هاووڵاتیان. سەرقاڵکردنی خەڵک بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و بەنزین، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە سزادانی بەکۆمەڵ و ڕامکردنی کۆمەڵگە. ئەمە هاوکێشەیەکی تاڵ و نالۆژیکییە کە نیشتمانێک سەرچاوەی وزە بێت و نەوت و غاز بۆ هەموو جیهان هەناردە بکات، کەچی خاوەنە ڕاستەقینەکانی خاکەکە خۆیان لە سەرمای زستاندا بلەرزێن و لە ڕیزە درێژەکانی سوتەمەنی و بەنزیندا بتلێنەوە. ئەمە لوتکەی بێباکی و هەڵەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو پیلانێکی قووڵە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە هێندە ماندوو ببن کە تەنها خەون بە بەدەستهێنانی بەرمیلێک نەوت یان چەند لیترێک بەنزین ببینن، ئەویش بە پارەیەکی زۆر، نەک بە خۆڕایی و حەقی خۆی! ئامانجی کۆتایی ئەم سیناریۆ دووبارانە زۆر ڕوونە، دەسەڵات دەیەوێت مرۆڤەکان لە قۆناغی خەمی گەدە و مانەوەی فیزیکیدا بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی هەرگیز بوێری ئەوە نەکەن داوای مافە گەورەکان و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بکەن. دروستکردنی ئەم قەیرانە یەک لەدوای یەکانە پڕۆسەیەکی بەردەوامی (بە ئامانجکردنی مافەکانە) لەپێناو مانەوەی ستەمکاری. کاتێک وزەی مرۆڤەکان لە ململانێی ڕۆژانە بۆ پەیداکردنی بچووکترین پێداویستی دادەدۆشرێت، ئیتر هێزێک نامێنێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داواکردنی گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان، بەمەش دەسەڵاتدارەکان لەسەر پشتی نەهامەتییەکانی گەل درێژە بە مانەوەی پڕ لە خۆشگوزەرانی خۆیان دەدەن.
ئەم شەوی غەززە ....💔 ئازارەکان بەردەوامن ....💔
سەیری هەموو شتێک دەکەین خۆمان نەبێت! مرۆڤی ئەم سەردەمە لەناو زەریایەکی بێسنووری وێنە و ڕەنگەکاندا نقوم بووە. شاشە بچووکەکان بوونەتە پەنجەرەیەک بۆ بینینی ژیانی کەسانی تر، بەڵام لە هەمان کاتدا بوونەتە دیوارێکی ئەستوور لە نێوان مرۆڤ و ناخی خۆیدا. ئێمە ڕۆژانە بەبێ ئەوەی هەست بکەین بەناو ژیانی خەڵکیدا گوزەر دەکەین و خۆمان لەبیر دەبەینەوە. لەم سەردەمە پڕ لە جەنجاڵییەدا، تاکەکانی کۆمەڵگا ئاگایان لە بوونی خۆیان نەماوە و لەناو هەزاران ڤیدیۆ و دیمەنی مەجازیدا ون بوون. سەدان سەعات لە تەمەنی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ موتابەعەکردن و سەیرکردنی وردەکارییەکانی ژیانی کەسانی نەناسراو، بەڵام بۆ ساتێکیش ئامادە نین ئاوڕێک لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان بدەنەوە. ئەم چوونە ناو ژیانی ئەوانی ترەوە وای کردووە مرۆڤ خۆی نەبینێت و چاوی لە ئاست کێشە و کەموکوڕی و نەقسەکانی خۆی کوێر بێت. ئەو کاتەی کە دەبوو بۆ بنیاتنانەوەی خود و چارەسەرکردنی برینەکانی ناخی خۆی تەرخانی بکات، لە پێناو چاودێریکردنی ژیانی ئەوانی تردا بەفیڕۆی دەدات و هەرگیز ناپڕژێتە سەر خۆی. (هەر ئەوەندە کاتەی تەرخانی دەکەین بۆ سەیرکردنی ستۆری خەڵک بەس بوو بۆئەوەی خۆمان بگۆڕیین) ئەمەیە کارەساتی گەورەمان کە هەموو شتێک دەربارەی خەڵکی دەزانین، بەڵام لە ئاست ناسینی خودی خۆماندا نامۆترین کەسین. سەیری هەموو شتێکی خەڵک دەکەین و لێی ورددەبینەوە و ڕەخنەی لێ دەگرین، بەڵام بەرامبەر ناخی خۆمان ....! ئەمە بەرهەمی ڕاستەقینەی میدیا و شاشەکان و خراپ بەکارهێنانیان. ئەو ئامێرانەی هاتوون بۆ ئەوەی دونیا بکەنە شاشە و گوندێکی بچووک، بەڵام مرۆڤەکانیان لە خۆیان و لە ڕاستییەکانی ژیانیان دابڕی. ئێستا کاتی ئەوەیە مرۆڤ چاوەکانی لەسەر شاشەکان هەڵبگرێت و بە قووڵی سەیری ئاوێنەی ناخی خۆی بکات (ئەگەر بۆ ساتێکی کەمیش بێت).
فراوانیی بیرکردنەوە + گەورەییی دڵ = کار و پڕۆژەی مەزن و بەرفراوان. تەسکیی تێڕوانین + بچووکیی دڵ = کار و پڕۆژەی لاواز و سنووردار. فراوانیی بیرکردنەوە و گەورەییی دڵ، بنەمای سەرەکین بۆ ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی گەورە و کاریگەر. لە بەرامبەردا، ئەو کەسانەی بیریان تەسک و دڵیان بچووکە، هەمیشە بەرهەم و کارەکانیشیان لە چوارچێوەیەکی بچووکدا دەمێنێتەوە. بەداخەوە، هەر ئەم بیرتەسکی و دڵبچووکییە زیانێکی گەورەی بە موسڵمانان گەیاندووە و بووەتە هۆی لاوازبوون و پاشەکشەی پڕۆژە ئیسلامییەکان. مرۆڤ هەردەم لە ڕەنگ و قەبارەی ئەو شتانە دەچێت کە سەرقاڵە پێیانەوە. کاتێک وزە و کاتی خۆت بۆ ئامانجە گەورەکان تەرخان دەکەیت، کەسایەتیی خۆشت لەگەڵیاندا گەورە دەبێت، بەڵام خەریکبوون بە وردەکارییە بێبەهاکانەوە، کەم کەم مرۆڤ بچووک دەکاتەوە. ئەگەر لە ژیاندا تەنها لەناو بازنە تەسکەکاندا بێیت و بچیت، ئەوا بێگومان بە بچووکی دەژیت و لە کۆتاییشدا هەر بە بچووکی ماڵاوایی دەکەیت. سروشتی گەورەبوون پێویستی بە ژینگەیەکی فراوانە، هەر بۆیە نەهەنگ هەرگیز لە ڕووبارێکی تەسکدا هەڵناکەوێت. بۆ ئەوەی نەبیتە نێچیر و خۆراکی ماسییە بچووکەکان، پێویستە هەمیشە لە دەریا و زەریا قووڵەکاندا مەلە بکەیت. تا بازنەی کارکردن و بیرکردنەوەت فراوانتر بێت، قەبارەی بوونی خۆشت گەورەتر دەبێت. ڕێک هاوشێوەی ئەو نەهەنگەی کە بەهۆی مەزنیی ئەو دەریایەی تێیدا دەژی، دەتوانێت بەو شێوەیە گەورە و بەهێز بێت.
زۆرجار مرۆڤ بەهۆی چاوەڕوانییە زۆرەکانیەوە باجی قورس دەدات. ئەگەر دەتەوێت ڕۆحت لە زەبرە کتوپڕەکان بپارێزیت و تووشی شۆک و نائومێدییەکی سەخت نەبیت، پێویستە قەبارەی چاوەڕوانییەکانت لە خەڵکی کەم بکەیتەوە. ئێمە زۆرجار وێنەیەکی نموونەیی بۆ کەسانی دەوروبەرمان دروست دەکەین و ئەرکێکی قورس دەخەینە سەر شانیان کە لە توانایاندا نییە، هەر ئەمەشە وادەکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعدا تووشی داڕمانێکی دەروونی ببین. چاوەڕوانیی زۆر وەک پەتێکی نەبینراو وایە کە دەخرێتە گەردنی ئارامیمان، هەرکاتێک بەرامبەرەکەمان هەنگاوێک بە پێچەوانەی ویستی ئێمە بنێت، ئەو پەتە زیاتر توند دەبێت و دەمانخنکێنێت. پێویستە ئەو ڕاستییە تاڵە قبووڵ بکەین کە مرۆڤە بەهەست و خاوەن شعوورەکان لەم سەردەمەدا زۆر کەمن. ئەوانەی خاوەنی قووڵاییەکی مەعنەوین و لەسەر بناغەیەکی دامەزراو و پتەوی ئەخلاقی پەروەردە بوون، وەک گەوهەرێکی دەگمەن وان کە بە ئاسانی دەستناکەون، زۆربەی مرۆڤەکان لە مامەڵەکانیاندا سادە و ڕووکەشن، ناتوانن لەو ئاستەدا بن کە ڕۆحی ماندووی تۆ چاوەڕوانی دەکات. (بەتایبەت لەو سەردەمە ماددیگەریی و سوودگەراییەی ئێستا، کە مرۆڤەکان بەشی زۆریان داماڵدراون لە زۆربەی بەهاکان و بەردەمی خۆشیان نابینن چجای شی تر ....). کاتێک درک بەم ڕاستییە دەکەیت و ئاستی چاوەڕوانییەکانت لەگەڵ واقیعی کەسەکاندا دەگونجێنیت، دەرگایەکی گەورەی ئاسوودەیی بە ڕووی خۆتدا دەکەیتەوە. ئەم کەمکردنەوەیەی چاوەڕوانی بە واتای ڕق لێبوونەوەی خەڵک نایەت، بەڵکوو تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ سروشتی مرۆڤایەتی، چونکە کاتێک هیچت لە کەس نەوێت، بچووکترین هەڵوێستی باشیان لای تۆ دەبێتە جێگەی دڵخۆشی و هیچ هەڵەیەکیانیش ناتوانێت ناخت بهەژێنێت و تووشی سەدمەت بکات. لەم هاوکێشەیەدا نهێنییەکی گەورە شاراوەتەوە، ئەویش پاراستنی پەیوەندییەکانە. کاتێک چاوەڕوانیت لە بەرامبەرەکەت کەم دەبێتەوە، برایەتی و تەبایی زۆر باشتر دەپارێزرێت و تەمەنی پەیوەندییەکان درێژتر دەبێت. تۆ ئەوان وەک خۆیان قبووڵ دەکەیت بە هەموو کەموکوڕییەکانیانەوە، بێ ئەوەی بتەوێت بیانکەیتە قوربانیی ئەو وێنە خەیاڵییەی کە لە مێشکی خۆتدا کێشاوتە. بەم شێوەیە هەم خۆت لە ئازارێکی بەردەوام ڕزگار دەکەیت، هەم ڕێز و خۆشەویستیش لە نێوانتاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.