tgindex
پەرانتێز parantez

پەرانتێز parantez

Статистика

فەرهەنگ، ئەدەب، ڕەخنە، تێئۆری Admin: @mewlewii #پەرانتێز، فەرانسەوییە. لەنیشانەکانی خاڵبەندییە. #ئەپۆخە لەکەوانەنان، شێوازێکی فەلسەفەی دیاردەناسەکانە؛ واتە هەبوون و داوەری، هەموو ژێدەرەکانی زانیاری دەچنە پەرانتێزەوە. (دابەزاندنی جیهان بۆ سرنجەکانی من)

Последний пост
13 авг.
Последнее чтение
15 авг.
Постов за неделю
1
Всего постов
22
Тип
открытый
Язык
ku
В каталоге с
13 авг.
Подписчики
1 339
−1 за 4 дн.
Сутки
0
0,00%
Неделя
 
Месяц
 
Просмотров на пост
3 801
20 постов
Вовлечённость
283,9%
к подписчикам
Постов в день
0,1
всего 22
Упоминаний
8
каналов
Охват размещения
оценка
1/24сутки в ленте
1 645
1/48двое суток
1 885
1/72трое суток
2 033

Оценка по просмотрам недавних постов: пост набирает почти всё за первые сутки.

Посты

  • 13 авг.1 8551511

    ‍دنیای ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ی ئابی 2026)، یەکێک لە گەورەترین کۆڵەکەکانی خۆی لەدەستدا؛ حوسێن عارف، ڕۆماننووس، یاساناس و بیرمەندی ناسراو، لە شاری سلێمانی و دوای کاروانێکی زێڕینی 70 ساڵە لە خزمەتی بێوچان، لە تەمەنی 90 ساڵیدا ماڵئاوایی کۆتایی لە ژیان کرد. حوسێن عارف کە لە ساڵی 1936 لە سلێمانی لەدایکبووە، بە داڕێژەری یەکەمین بناغەکانی ڕۆمانی مۆدێرنی کوردی دادەنرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی شاکارە ناودارەکەیەوە بە ناوی ڕۆمانی "شار" کە وەک ئاوێنەیەک بۆ ئازار و مێژووی کورد دەبینرێت. ناوبراو لە ماوەی تەمەنیدا زیاتر لە بیست بەرهەمی ئەدەبی و لێکۆڵینەوەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە: "گەلە گورگ"، "چای شیرین" و "تەمەنێک لە بەندەستی".جگە لە لایەنە ئەدەبییەکەی، حوسێن عارف وەک یاساناس و سیاسەتمەدارێکی بوێر دەناسرا؛ ئەو لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندام بوو و لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەڵوێستێکی مێژوویی نواند کاتێک لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار مانیان گرت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ. 🔻بەرهەمەکانی  حسێن عارف، شار، بەرگی یەکەم: 1986، بەرگی دووھەم: 2001؛ سلێمانی. حسەین عارف، چای شیرین: سەرجەم چیڕۆکە کورتەکان حسێن عارف. گەلە گورگ. چوار چیرۆک. 1983. حسێن عارف، کۆکتێل، زنجیرەی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2005؛ 286 پ. حسەین عارف، تەمەنێک لە بندەستی: ڕووداو و کارەساتەکانەوە، 2 ب حسەین عارف، توێشووی سەفەرێکی سەخت حسەین عارف، بیبلیۆگرافیای دوو ساڵەی تەمەنی کاروان 1984-1982 حسەین عارف، ئەندێشەی مرۆڤێک حسێن عارف، ساڵێک لە تەمەن: بیرەوەری حسێن عارف حسەین عارف، شانۆگەری جەنابی جانەوەر حسێن عارف، قوتابخانەی شیعری تازە حسەین عارف، ھێلانە حسەین عارف، کڵافەیەک ژانی تووڕە لێکۆڵینەوە حسەین عارف، چیڕۆکی ھونەریی کوردی حسەین عارف، بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی حسەین عارف، روانگە و یاران و نەیارانی حسەین عارف، لە کۆڕی خەباتا: چیرۆک لە بەرھەمی دوای شۆڕش حسەین عارف، نووسینەوەکانم لە بواری رەخنە و لێکۆڵینەوەدا ساڵانی 1988-1955 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 9 авг.2 8782223

    🔳 کوردستان، نوقمەساری پاساو ✍ #کەیهان_عەزیزی یەکەم وشەی ئەم نووسینە کوردستانە، ئەمەش خۆکردیە، وشەی "کۆمەڵگا" بەجێتر بوو، بەڵام بە هێنانی "کوردستان" ئاوێنەکە بەرەو خۆمان دەگەڕێتەوە. کورد بە هۆی ژیانێکی ئاڵۆزکاو، لە گێژاوێکدایە لەجیاتی ئەوەی لە کردارەکان بیر بکاتەوە، ناوەکان دەگۆڕێ، لە جیاتی چارە، پاساو دەدۆزێتەوە. ئەم مژارە تایبەت به کورد نییە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە. بۆیە مەبەستی ئەم بابەتە تاوانبارکردنی کورد نییە، مەبەست بینینەوەی خۆمانە لە ئاوێنەی کوردستان. ڕووناکبیر، سەرکردە، حێزب، بنەماڵە، تەنانەت ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کەمکاری، بۆ کارنەکردن و لەبۆ کاری نالەبار هەمیشه هەگبەیەک پاساوی ئامادەی هەیە. پاساو بنی نییە، لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکا بۆ کۆتاییەکی نادیار. بۆم پرسیارە ئەم هەموو پاساوە، ئەم هەموو خۆ ڕازیکردنە ژێدەرەکەی چییە؟ چۆن وەک دیاردەیەکی نێوانزەینی ناخی زۆربەمانی تەنیوەتەوە؟! پاساوەکانیش زۆرجار ئاوەزپەسەندن! ئەوەی زمانی کوردی نازانێ پاساوی هەیە، ئەوەی لە جیاتی کورد خێڵ و حێزب بۆی ئەوبەرترە، پاساوی ڕەنگاڵە ڕیز دەکا. هۆی دەردەکان هەموو کەسە، جگە خۆمان. تەسلیمبوون بەم واقعە، کورد وەک قوربانیی دەنوێنێتەوە. مێشکی قوربانیی بۆ بەزەیی خۆی ئامادە دەکا نە بۆ گۆڕان. بۆیە بەردەوام "خەیاتە دەکێشێ بە لووتی خۆیا". بیرەمەندان لە ڕووی زانستییەوە ئەمە بۆ فێڵی زەین دەگەڕێنەوە. دەڵێن: "لەوانەیە گەورەترین فێڵی زەین ئەوە بێت کە بەرلەوەی مرۆڤ کارێک بکا، ناوەکەی دەگۆڕێ." گۆڕانی وشە هەستی بەرپرسیاریی کەم دەکاتەوە و ویژدان ئاسوودە دەکا. لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە ئەمریکا و کانادا، کە لەسەر ٢٦٨٩ پیاو لە نێوان ١٨ تا ٣٤ ساڵ ئەنجام دراوە، لەم بەبەتە پشتگیریی دەکا. توێژەران لە پرسیارنامەیەکی نەناس بە ئەنقەست وشەکانی «دەستدرێژی» و «توندوتیژیی سێکسی»یان لە دەقی پرسیارەکان دەرهاوێشتووە. بەبێ هیچ مۆرک و ناتۆرەیەک پرسیویانە: «ئایا هەرگیز هەوڵت داوە لەگەڵ ژنێک، سەرەڕای ناڕەزایەتیی ئەو، بە زۆر یان بەکارهێنانی پێگە و جێگە یا لە ڕێگەیەکی ترەوە پەیوەندیی سێکسی بەرقەرار بکەیت؟» ئەنجامەکان هەژێنەر بوون. ژمارەیەکی بەرچاو دانیان بە کردارێک ناوە کە لە ڕووی یاسا و ئەخلاقەوە دەستدرێژی دادەنرێ. بەڵام ئەگەر هەمان پرسیار بە وشەی «دەستدرێژی» کرابایە، زۆرێکیان بە نەخێر وڵامیان دەدایەوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخا ناوی کردار، لە هەڵوێستی مرۆڤ کاریگەریی دروست دەکا. لە دەروونناسی بۆ ئەم دیاردەیە لە چەمکی "دابڕانی ئەخلاقی" کەڵک وەردەگرن. مێشکی مرۆڤ بە گۆڕینی وشەکان، بەرپرسیاریە ئەخلاقیەکان کاڵ دەکاتەوە. زمان تەنیا ئامرازی دەربڕینی بیر نییە؛ ئامرازی دروستکردنی ماناشە. بە گۆڕانی مانا، جیهانی ئێمەش دەگۆڕدرێ. دیارە ئەم یاسایە تەنیا لە بواری سێکسدا کار ناکا. زۆرجار درۆ بە «مەسڵەحەت»، سووکایەتی بە «شۆخی»، خەیانەت بە «ناچاری»، فێڵ بە «زیرەکی» و بێکاری بە "نەبوونی دەرفەت" ناودەبەین. بە گۆڕینی ناو، هەوڵ دەدەین ویژدانمان لە تاوانەکە دوور بخەینەوە. تا ئەو کاتەی کردار یان هەڵسوکەوتێک، مۆرکی نەرێنی نەخواردبێ زۆر بە ئاسانی پاساوی بۆ دادەتاشین. بەڵام هەر کات کردارێک بە ناوە ڕاستەقینەکەی ناسرایەوە و لۆمە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕوومان بوونەوە، لەناکاو جانماز ئەکێشین بە ئاوا و هەستی پەشیمانی مل قیت دەکاتەوە، تەنانەت ڕاستی و ڕاستوێژی جێگەی بە شاردنەوە و حاشاکردن دەدات. لە کوردستان خوێندکار، مامۆستا یان فەرمانبەر بەو پاساوەوە: «فارسیم خوێندووە، دەرفەتی فێربوونی کوردیم نەبووە»، بەوە خۆی لە بەرپرسیاری بەرامبەر زمانەکەی دەرباز دەکا. کەسی وا هەیە ڕێک لەبەرەی خەیانەتە، کەچی پاساوی نان یان ناچاریی دەکاتە قەڵغان. دیارە لە کۆمەڵگایەک هاوماڵی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری بگرێتە ژێر سێبەری خۆی، بە ئاسانی پاساو دەبێتە شوێنگرەوەی ڕاستی و پەتی خاینیش ناکەوێتە سەرئاو. ئەویش هەر بەتەمای شیری مانگا بۆره! بە گشتی کێشەی کورد ئەوە نییە هەڵە دەکا؛ کێشەی گەورە ئەوەیە بە گۆڕینی وشەکان هەوڵ دەدا ناحەزی هەڵەکان بکا بە ژێر لچەوە و خۆی لە چاکردنەوەیان بدزێتەوە و بەردەوام ئاو بۆ کۆمەڵگا هەس بکاتەوە. کاتێک وشەکان دەبنە ئامراز بۆ شاردنەوەی ڕاستی، ماناکان دەچەواشێنرێن و ویژدانیش هێواش هێواش هەستی بەرپرسیاریی لەدەست دەدا. کۆمەڵگایەک ویژدانی بە پاساو بخەوێنێ و لەولای سفرەوە سێباز بکا، بە "هەڵمەتی پاساو" ناتوانێ گۆڕانکاری بخولقێنێ. بڕێ بە پاساوی ڕەق و تەق، ڕۆژ بە پەنجە ئەژمێرێن، جیاتی کوردستان، "وەیلان" بۆیاخ دەکەن، لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی، ناوی ڕاستەقینەی شتەکان دەگوڕن. چون ڕاستی ئاوێنەیە؛ مرۆڤ هەم لە خۆی دەترسێ، هەم لە بینینەوەی ڕاستی ناو ئاوێنەکە. نەتەوە بە درۆ لەناو ناچێ؛ بە پاساو لەناو دەچێ. درۆ جارێک مرۆڤ فریو دەدا، بەڵام پاساو ویژدان فێر دەکا فریو بخوا. 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 24 июл.2 04564

    ــــــــــــــــ جیهانی کۆن، لە سەرەمەرگە، جیهانی تازە، لە تەقەلای لە دایکبوونە، ئێستا کاتی دەعباکانە. ✍ گرامشی 🆔@parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

  • 17 июл.3 8971113

    ▫️ تەنیا شتێک هەمانە خۆمانین؛ ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە بەگوێرەی پێویست سەرنجی پێ نادەین. ✍ #کافکا 🆔@parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾

  • 10 июл.3 7471211

    🔻 قاژی وتارێکی ئامادەی چاپ ✍#کەیهان_عەزیزی شیعر، ئەو هونەرە سرک و خزۆکەیە تا ئێستە نە بۆ کەس دەستەمۆ کراوە، نە ڕۆژێ لە ڕۆژان کەسیش دەتوانێ هۆشەکارانە قسەی کۆتایی تێدا بکات. لەبەر ئەوەی لە تەوانی هیچ مرۆڤێک نییە بتوانێ تێئۆریەک گەڵاڵە بکات کە لە هەموو زوان و لە هەموو سەردەمەکان، بۆ هەموو بوتیقاکان بە لای هەموو شاعیرانەوە شیاوی پەسەندکردن بێت. ‌ئێمە تەنیا دەتوانین لە هەر سەردەمێکدا ڕەگەزه‌ شیعرییه‌كان بێنینە بەرباس و شرۆڤه‌یان بكه‌ین. شیعر، هەمیشە هەڵگری هەندێ ئەندامی بنەڕەتیییە، ئەرکی ڕەخنەوانە باس لە ئەندامەکانی شیعر بکات. دیارە ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەکانی شیعر شتێک نییە زوو بە زوو بگۆڕدرێ. بەڵکوو ئەوەی دەگۆڕدرێت جۆری ڕوانگەی شاعیرانە لەمەڕ ئەو بەشانەی شیعرەوە. شیعر، چ کۆن بێت چ تازە، هەڵگری هەندێ توخمی بنەمایییە. لێره‌ ته‌نیا چەند ئەندامی شیعریی ناو ده‌بەین: سیستمی موسیقایی سیستمی زوانی سیستمی وێنە بواری مانا و سۆزیاریی دنیابینی شاعیرانە ئەوەی جیاوازە جۆری ڕوانگەی بوتیقاکانە بۆ ئەو ڕەگەزانە. ڕوانینی شاعیرێکی کلاسیک و نوێخواز لەسەر موسیقا یان لەسەر ڕەگەزەکانی تر لە بنەمادا دوو ڕوانینی ناهاوچەشنە. بەڵام لە هەردوو بوتیقاکەدا ئەو ڕەگەزانە بوونیان هەیە. ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕدرێ جۆری هه‌ڵسوكه‌و‌‌تی شاعیران و ڕه‌وته‌ شیعریه‌كانه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕگه‌زه‌ شیعریانه‌. ‌هەروەها پەیوەندی ئەو بەشانە پێکەوە کە لە ڕاستیدا "فۆرمی زێهنی" شیعرەکە دروست دەکەن‌ لە بوتیقایەکەوە بۆ بوتیقایەکی دی دەگۆڕدرێ. بۆ نمونە ئەگەر بۆ هەندێ پێکهاتەیەکی زێهنی توکمە و جەستەمەند بایەخدار بێت، لای پۆست مودێرنەکان فۆرمی زێهنی لەسەر دوورکەوتنەوە و پەشێواندن و شپرزاندنی ڕەگەزەکانی شیعر بنیات نراوە. جاران ڕەخنەوانێکیش لە خوێندنەوە ڕەخنەییەکانی خۆی بۆ نموونە لەوانەیە بە "سیستمی موسیقایی" ئەوەندە بایەخ بدات کە بەتەما بێت لەو ڕەهەندەوە هەموو پێکهاتەکانی شیعر پێکەوە ببەستێتەوە و لەو دەلاقەیەوە هەموو سووچ و قوژبنی دەقێک سەنگوسوک بکات؛ لە ڕاستیدا باسی موسیقی ئەو پتانسیلەشی هەیە، هەڵبەت مەبەستی من لە موسیقی تەنیا کێش و سەروا یان تەنانەت ئەو موسیقایە نییە لە ڕێگەی گوێوە هەستی پێ دەکەین. بەڵکوو موسیقا بەلای منەوە ڕیتمە، بەرهەمی هاوئاهەنگی و هارمۆنیایەکە جاران هەر ئەوەیە لە تەلارسازیدا بینەر چێژی لێ وەردەگرێت. موسیقی لە تەلارسازیدا موسیقایه‌كی بێدەنگە، کاتێ لە بینایەکدا دوو شتی دژبەیەک وەک گەچ و ئاسن بەیەک دەگەن، ئەوە هونەری تەلارسازە ئەو دوو شتە دژەبەیەکە لە شوێنێک پێکەوە هاوئاهەنگ و سازگار دەکات و دەیڕازێنێتەوە تا دواجار "مانا" یان جوانی پێشان بدەن. بۆیە لەم ڕوانگەوە موسیقی بۆ بواری مانا و سۆزداریش تەشەنە دەکات. موسیقی بەم مانایە تەنیا دەنگ نییە، بەڵکوو بێدەنگییشە. و... (ئەم شێوازەم لە وتارێکی تردا لە کار کردووە.) لەم وتارە خوازیارم باسی "زوان" بکەم، بەڵام بە تەمام باسی زوان ئەوەندە بەرین بکەمەوە زۆربەی ڕەگەزەکانی شیعر بکێشمە ژێر ڕکیفی ئەم باسەوە. و... 🤝بەستەری پەرانتێز👇👇 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 3 июл.4 1312021

    " ئەگەر توانیت قەناعەت بە مێش بکەیت کە گوڵ لە زبڵ باشترە، ئەوکات دەتوانیت خەیانەتکاران بهێنیتە سەر ئەو باوەڕەی کە نیشتمان لە پارە بەبایەخترە."  🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 19 июн.3 5702329

    🔅نە عەرەبم نە ئێرانی، نە تورکێکی شاخستانی/نەک هەر خۆم، مێژووش ئەڵی کە کوردم و کوردستانی 🔺لەو دەقەی مامۆستا برایم ئەحمەد کوردبوون لە بەرامبەر ئەویتر دانراوە. بەڵام سروودەکەی مامۆستا ئەبوبەکر کاروانی جارێکی تر کوردبوون لەناو خۆمان پێناسە دەکاتەوە. ئەم پێناسەیەش زۆر گرنگە. ئەوکات پێویست بوو کوردبوون بەرامبەر ئەویتر پێناسە بکرێت، بەڵام ئێستە پێویستە کوردبوون، لە یەکایەتییەکدا خۆی ببینێتەوە و خۆی بناسێتەوە. 🔺بەڵام جخار، مامۆستا دواجار تووشی دژوازی دەبێتەوە، ناتوانێ بە پێی ئەو ئیدعایە هەیەتی لە حەزی خۆی و لە توخمی ئیسلامیەتی چاوپۆشی بکات. ئیتر نازانم چۆناوچۆن چاوەڕوانە کوردبوون بۆ ئەوانی دی ئەوبەرتر بێت؟! 🔅دەریا پڕە لە شەپۆل، هەموو شەپۆلەکان لە دڵی دەریا دان. کوردبوون دەریایەکە دواجار هەموو شەپولەکان لە ئامێز دەگرێ. بەبێ دەریا شەپۆلێک نییە. جۆگەلە نەیەتە دەریاوە هەوراز و نشیو قوتی دەدا و بە دەریا ناگا. دەریا چاوەڕوانی جۆگەلەکانە تا لە ئامێزیان بگرێ و شەپول بدەن. و... 💥کوردبوون ژماراندنی ژمارەکانە بۆ یەک؛ نە بۆ دوو یان چوار. چون "یەک" هەموو ژمارەکانی لە خۆ گرتوە. ✍#پەرانتێز 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 17 июн.2 283168

    🔳 لە داردانێلەوە بۆ گەرووی  هورموز ✍#ئارام_کەیخوسرەوی تەقریبەن ١١٠ ساڵ پێش ئەمڕۆ و لە نێو جەنگی جیهانیی یەکەمدا، ئۆپراسیۆنێک لە لایەن بەریتانیاوە ئەنجام درا کە لە هەندێک ڕووەوە لێکچوونی لەگەڵ ئەم شەڕەی دواییدا هەیە. ئەو ئۆپراسیۆنە کە بە “شەڕی داردانێل” یان “شەڕی گالیپۆلی” ناسراوە، لە نێوان ئیمپراتۆریی بەریتانیا و ئیمپراتۆریی عوسمانیدا هاتە ئاراوە. داردانێل گەروویەکە کە دەریای ئیجە دەبەستێتەوە بە دەریای مەڕمەڕەوە. ستراتیژیی بەریتانیا ئەوە بوو کە بە گرتنی ئەو گەروویە بتوانێت قوستەنتینیە (ئەستەمبوڵی ئێستا) کۆنترۆڵ بکات و عوسمانی-کە لە ئاڵمان نزیک ببووەوە-لە شەڕەکە بخاتە دەرەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی عوسمانی ئەو دەمە لاواز بوو و پێشبینی دەکرا بەریتانیا بە ئاسانی ئەم ئۆپراسیۆنە ئەنجام بدات و سەرکەوتوو بێت، دوای ماوەیەکی درێژ شکستی هێنا. شکستەکە زیاتر بە هۆی چەند هەڵەیەکی سەربازی و کەمتەرخەمیی ئەفسەرانی مەیدانیی بەریتانیاوە ڕووی دا. دوای ئەم شکستە، کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی بەریتانی، لەوانە “وینستۆن چەرچیڵ”کە بەرپرسی ناوگانی دەریایی بوو، لە کارەکەی لادرا. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە “مستەفا کەمال ئاتاتورک” ئەو دەمە ئەفسەرێکی سوپای عوسمانی بوو، بە هۆی لێهاتوویی و ئازایەتییەکانی لەم شەڕەدا ناوبانگی دەرکرد؛ هەر ئەمەش بوو کە لە ساڵانی دواییدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بنیادنانی کۆماری تورکیادا گێڕا. بەڵام خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە؛ هیچ سیاسەتێکی یەکگرتوو و یەکدەست لە لایەن بەریتانیاوە بەرامبەر بە دەوڵەتی عوسمانی نەبوو. واتە وەزارەتی جەنگ بە جۆرێک بیری دەکردەوە، وەزارەتی دەرەوە بە جۆرێکی تر و ئەفسەرانی مەیدانییش بە جۆرێکی تر. ئێستاش دەکرێت سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەندێک دۆسیە بە هەمان شێوە (پڕ لە فرەدەنگی و ناکۆکیی ناوخۆیی) بێت. لانیکەم وا دەردەکەوێت لە میدیاکاندا. دوای ئەم شکستەی بەریتانیا، هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە زیاتر بیریان لە بەهێزکردنی ئەو نەتەوە یان ناوچانەی ناو سنووری عوسمانی کردەوە کە پێشبینییان دەکرد لە ناوەندی دەسەڵات ناڕازی بن؛ یەکێک لەوانەش عەرەبەکان بوون. (ئەڵبەتە ئەم سیاسەتە هەر لە مێژەوە لە لایەن بەریتانیاوە پەیڕەو دەکرا، تەنیا دوای ئەم شەڕە زیاتر کەوتە ڕۆژەڤەوە). بەڵام لێرەشدا دیسانەوە سیاسەتێکی ڕوون لە ئارادا نەبوو، بەڵکوو جیاوازی و فرەیی بۆچوون لە نێوان دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانی بەریتانیادا هەبوو. بۆ نموونە، کاتێک هەوڵیان دەدا لەگەڵ هەندێک کەسایەتیی عەرەب ڕێک بکەون، شتێکی کۆنکرێتی و بەڵێنێکی تەواویان بە دەستەوە نەبوو. لە لایەک پرسی فەرەنسا لە ئارادابوو، لە لایەک پرسی جووەکان کە وردە وردە خەریک بوو دەکەوتە ڕۆژەڤەوە، تەنانەت پرسی ڕووسیاش بەشێک بوو لە کێشەکە؛ هەموو ئەمانەش دۆخێکی هێندە ئاڵۆزیان دروست کردبوو کە نەدەکرا سیاسەتێکی کۆنکرێتی، یەکدەست و ڕوون سەبارەت بە داهاتووی ئەو ناوچانە بگیرێتە بەر. لە ڕاستیدا هیچ گارانتییەک لە ئارادا نەبوو؛ تەنیا هاوبەشییەک کە لایەنەکانی لە یەک نزیک کردبووەوە، بریتی بوو لە “ناڕەزایەتیی ناوچەکان لە دەسەڵاتی عوسمانی”و “ شەڕ و دوژمنایەتی بەریتانیا لەگەڵ عوسمانی” لە ژینگەیەکی ئاوا تەمومژاویدا، ئەوە بکەرانی مەیدانی و خودی ئەو ناوچانەن کە دەبێت چەشنێک لە کایەی سیاسیی هوشیارانە بکەن، تا بتوانن پێگەی خۆیان لە چرکەساتی کۆتاییی شەڕەکەدا مسۆگەر بکەن. وەک ئێستا، نا؟ 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 11 июн.2 8452622

    ‌💥ئاماژە: به یادی ڕۆژە سەختەکانی عەفرین و خەباتە بەشکۆکەی گەلی کورد لە ڕۆژاوی نیشتمان، بە بۆنەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەم قەسیدە پاش نزیک بە نۆ ساڵ جارێکی تر بڵاو دەکرێتەوە. 🔳 هەستێو پەی عەفرینی وانای و نویستەی: #کەیهان_عەزیزی عەفرین ئارۆ درەختێوا جە کوردستان مێوەش عاتێفە و کناچێ و مدرامان  عەفرین ئارۆ پێسەو گومبەزەکەو پیرشالیاری سەوز کڵپە کەرۆ عەفرین ئارۆ چەوپەڕوو سنوورو کوردستانی بە چەمێ سەوزێوە هەواڵو کرماشانی پەرسۆ عەفرین ئارۆ پاڵێ وایش کەردێ پا دۆڵ بە دۆڵ شار بە شار گێڵا عەفرین ئاویەنە هەر وڵاتێ دڵو ئاوێ ماڕۆ سینەو گۆراڵا مەکەرۆ بۆ عەفرین ئارۆ ڕیواوەو کەلی خانیەنە هەر وڵاتێ نامێش بەرۆ وێحەن دەمش ئاوی کەرۆ عەفرین دەریان، وشک دەمو نیشتمانی جە عەفرین ئەگریجە، زیتوون لاونۆ جە عەفرین ڕۆجیار پەشۆکیان باباگوڕگوڕ واچێ عەفرین بێرە کەرکووک باڵا کەرۆ ڕێحان کەرکووک پەلەوەرێو باڵ مەڕیا کەوتەرە کەرکووک ژەمێو ئێرادە پاڵو دەنگو هەسارەینە کزکز دیا باڵاو نیشتمانیەرە کەرکووک خەباتێوا بە ئەڵماس شێخ و سولتانی وستەنە ئاراس کاتێ کەرکووک خەباتش کەرد شان جگەرخوێن ئاما هەورامان وێم دیم کڵاشێش کەردێ پا کۆڵ بە کۆڵ قاچاخە ڕانە گێتەمەژگێ یاونێ ئا سەنگەرانە واچێ هەژار ئامانەوە موکریان تا هەنبانە بورینەنە ماناو عەفرینی کەرۆ بەرخۆدان پەنجەو ساوێش گرتەن هەژاری نرکنۆ جە ئەفسانەو وەنۆزێنە جە هەفتاو یەرۆمین ڕەکاتەو کۆماری "یاخوا ئەو کەسەی کوردی خۆش نەوەێ وەک پووشی پووشپەڕ بە ڕوودا کەوێ" واچێ ڕانە قازیم دی پەشۆکیا گێڵابێوە چوارچرا واچێ عەفرین! دڵنیابە کەرکووک گێڵۆوە چون تەیرەکەی گەرمێن ماچۆ دووبەرەکی وەسێن عەفرین ئارۆ تاقەتش نیا مرۆ ئارۆ مەحموودخان بڕنەو بە شان لوان شۆنەو شێخی ئەو بازیان لەولاوو خەباتیش کەرد مل کورد جە سەربەرزاوە تا "ئەردۆلەی" چەم بۆق بلۆ سواڵە لاو مەڵاکاوە هەی ئەردۆلە شەوانە جیاتی شەریعەتو غەدری دوێ ڕەکاتێ ئازادی بوانە عەفرین! ئەی تریفەو شەرەفی ئەی پایتەختو ئەگریجەی سەخاوەت پێکنەوە تا سیاوچەمانە تەنۆوە مامەڕیشە گێڵانۆ کیسێش پەڕێنێ هەنگامێ تووڕەن ماچۆ کۆنێ کاڵفامێ؟ بە جلێ تۆزینێ لاش دان ئەو کۆیە چەنی یونێس دڵداری ڕەنگ و سوور و شۆڕشی ماچۆوە چی دما کەرکووک کاروانێوا بارش فەلسەفەن چی دما حزب ساباتێوا کەیل بە چەقەن چی دما کەرکووک بێ گیان بێ ئێرادە مەسعوود موحەممەد واچێ نااا یاوای ئێگە حەتم لادە زەیتوون! لوە خاس خاس گێڵە وەڵات جە ئیلام مەرقەدو نەرەی چەمەڕات حەوسەڵەو ڕۆژهەڵاتی ئیجارە بە بوومەلەرزەو کرماشانی بی بە هەنار و دانە دانە تکارە چی دما پەی سیاسیەکا عەینەکێ مسانوو تا سوورەو کۆبانێ و حەدیسەو هەڵەبجەی واناوە تا چەمە لێڵەکاو سیراونی بنەو تاشەکاو هەورامانیەنە ویناوە نیشتمان ساڵگارێوا قرچیانۆ بە دەردی کاڵکاڵ ئای کاڵکاڵ! چ فەرقێ کەرۆ پیاو ئی هەری یا خۆ ئەو گەماڵ پەڕو مشتەو ئالانی خەجاڵەتی بارە ئەی "ئیفل"ی داماگ بۆرێ عەفرین وەزەرە وەراوەرو گەورەیی بارینێوە سەرشۆڕ، مل کەج، مەنەرە وەختێ وێنە مەزڵوومەکەت دیم بارین! ئەی خاتوونەو وڵاتەکەیم زانام سەروازو ئەردۆغانیا مەردەی تەسلیمش مەبۆ کورد هیچ وەختەی تۆ لەهجەو حەسرەتیەنی دماو ئازادی بارین! ئەی خاتوونەو وڵاتەکەیم تەنیا شەرەف دەست وانۆوە جە وەردەم ئەمارەتو جەهادی باڵێ گێرە مەتەرسە لوە چا سەری سەرۆ لەیلا قاسم چەماڕات کەرۆ کەرکووک هیزی شەوێ گردەڕارە لوابێرە عەفرین واچێ دێقە دێقە ئووووارە 13و ڕابڕانو 96ی پاوە 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

  • 4 июн.3 245164

    ئەگەر بۆم کرا ئەمجاره لە قۆقزی ئاخێکەوە هەڵدێر پێناسە ئەکەم پێتان ئەڵێم: سەبر یانی وێڵی لە ئایندەیەکی لۆچ پێتان ئەڵێم یانی کوتوپڕ بۆشایی کتێبی نمەنمە کەی ئەکاتە باران ل. 91 و 92 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

  • 26 февр.7 8493148

    ‌یەدۆڵا محەمەدی، دەنگێکی شیرین، ڕۆخسارێکی بێناز ✍ #کەیهان_عەزیزی ساڵی 92ی هەتاو بوو دیمانەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە کاک "یەدوڵا محەمەدی" بڵاو کرایەوە. دوا بە دوای ئەو دیمانە منیش بابەتێکم لەژێر ناوی "یادێک بەڵام دێر وەخت" لە حەوتەنامەی سیروان بڵاو کردەوە. چیرۆکی بابەتەکەی من ئەوە بوو کە دەنگی شیرینی مامۆستا و سەردەمی لاوی من دوو ڕووداون جیا ناکرێنەوە. ئەو نووسراوە کە وێنەکەی هاوپێچی ئەم بابەتە کراوە، داستانی ئاشنایی و هۆگرایەتی منە بۆ دەنگی بەڕێزیان. ساڵان هەواڵی مامۆستام پرسی. یەکێ وتی نەخۆشە، یەکێ وتی لە سنە دوکانی هەیە، یەکێکی تر وتی دەمێکە مردووە. بەگشتی کەس هەواڵێکی دڵنیاکەری پێ نەبوو. نە کلیپێکی لێ بڵاو دەکرایەوە، نە میدیایەک باسی دەکرد نە لەسەر گۆرانیەکانی کلیپێک ساز دەکرا. ئەوە منی دڵنیا کردبوو مامۆستا مردووە! لە ڕێی ئەو دیمانەیە زانیم ئەی دڵی خافڵ خۆ مامۆستا نەمردووە! مامۆستا لە دیمانەکە باسی نەخۆشی گورچیلە و باسی گرفت و ئازاری ژیانی کردبوو. وتبوویان بۆچی ئەم هەموو ساڵە خۆت تەریک خستووە و دەرناکەوی؟ ئەویش دڵگران وتبووی دیداری یاران بۆ من نابێ بە قەرانێ، نابێ بە کرێ خانوو، نابێ بە دەواودەرمان. هەواڵی زێندووبوونی ئەو، بەڕاستی منی سوپرایز کرد. بۆیە ئەو یادداشتەم لە ژمارەی 771ی سیروان بڵاو کردەوە. لەوێ چیرۆکی خۆم لەگەڵ دەنگی کاک یەدۆڵا و حەسرەتی دیداریانم باس کرد. نووسیبووم: "مامۆستا گیان! من ئاواتەخوازی دیدارت بووم، بەڵام پاش دیمانەکەت ئێستە دوودڵم بێم بۆ لات یا نا؟ ئاخر وتووتە دیداری یاران نابێ بە قەرانێ، نابێ بە دەرمانی گورچیلە... بەڵام من خۆم نەخۆشم گورچیلەکانیشم بەکەڵک نایەن، تا هەر هیچ نەبێ تەعارفێ بکەم. ناشتوانم بارێک لە بارەکانت هەڵگرم. ئێستا دەڵێی بێم بۆ لات یا نەیێم؟ بەڵام نا، لەسەر ئێزنت مامۆستا، تا بێمنێ نووری چاو و هێزی پێم/ دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم". بەڕاستی دەگمەنە، هونەرمەندێک لە ژیاندا بێت، بەڵام ئەوەندە بێناز بێت ئاشقانی دەنگی وابزنن ساڵانێکە مردووە و لە حەسرەتی دیداری بن. پاش بڵاو بوونەوەی نووسراوەکەم لە سیروان ڕۆژێ گۆشیەکەم زەنگی خوارد. وڵامم دایەوە. بەڕێزێک سڵاوی کرد، وتی: "یەدیم". وتم ببورن یەدی ناناسم. فەرمووی: "کورە کاک کەیهان یەدۆڵا محەمەدیم." بە بیستنی ناوی "یەدۆڵا محەمەدی" پەشۆکام، دەنگم لەرزی، شادی و خۆشی هەناومی تەنی. پاش هێور بوونەوە و گۆڕینەوەی هەست و سۆز، فەرمووی ژمارەکەتم لە دۆستانی سیروان وەرگرتووە. ئینجا فەرمووی زۆر به نووسینەکەت کەیفم کردوە. منیش زۆر خوشحاڵ بووم توانیومە دڵی شکاوی هونەرمەندە بێنازەکەی وڵات خۆش بکەم. فەرمووی حەزئەکەم بتبینم، وتم ئێنجا مامۆستا گیان ئێوە ئەمر بفەرموون. قەرارمان دانا، من لەگەڵ مناڵەکانم و خێزانم و دڵسۆزی برام و خێزانەکەی، بە تامەزرۆیی چووینە خزمەتیان. دڵسۆزی برام و هەموو بنەماڵەمان لە ڕێگەی منەوە لەگەڵ دەنگە بلاوێنەکەی کاک یەدۆڵا بیرەوەریان هەیە. چون بنەماڵەی ئێمە هەموومان ئاشقی دەنگی مامۆستا مەزهەرین، بۆیە ئیتر لایەنگری ئەو جنسە دەنگەشین کەسانێک وەک کاک یەدۆڵا بەسۆزەوە دەیچڕن.  لە پاوەوە بەرەو سنە وەڕێ کەوتین، بۆ نانی نیوەڕۆ چووینە ماڵیان، دادە مەریم، هاوسەری بەڕێزی مامۆستا و کچەکەیان بە ڕوویەکی خۆش و مێهرەبان پێشوازیان لێ کردین. دادە مەریەم ئەویندارانە بە دەوری مامۆستا دەسووڕایەوە و چەند جاریش لەبەر حاڵی مامۆستا فرمێسک هاتە چاوەکانی و ناقی گیرا. وتی گۆرانی مەریەمێی، بۆ منی وتووە. باسی خۆی و مامۆستا هێمن و مەزهەر خالقی و چەند هونەرمەندێکی تری وەک جەلیل کەبودوەند، ئیسمایل سابوور، حوشمەتوڵا لوڕنژاد، ئیسمایل پیرخدری و کاک مەلەکی بۆ کردین. یەکێ لە بیرەوەریەکانی سەبارەت بە مامۆستا مەزهەر بوو. وتی چومە ڕادیۆ کرماشان بۆ گۆرانی وتن. وتیان ئەبێ دەنگت تاقی بکرێتەوە، چاوەڕوان بە. یەکێ هات و قسەی کرد. منیش گۆرانیەکی خالەقیم بۆ خوێندەوە. وتی ئینجا خالەقی دەناسی؟ وتم ئەرێ، هاوشاری و هاوڕێمە. بەیانی دیم هەموو سڵاوی ئەو کەسە دەکەن دەنگی منی تاقی کردەوە. وتم ئەوە کێس؟ وتیان ئەوە مەزهەر خالەقیە. ئیتر لەو ماوە منیش هەر خۆم لێ دەشاردەوە. مامۆستا بەبیستنی دەنگی خۆی ئازاری دەکێشا، فەرمووی لە مێژە ناتوانم گوێ لە دەنگی خۆم بگرم. هەقی بوو، ئاخر لەو دەنگە زوڵاڵە حەسرەتان یەک‌یەک تۆمار کراون. بیرۆکەی ئەوەشمان باس کرد ژیاننامە و گۆرانیەکانی لە کتێبێک کۆ بکەینەوە. ئەویش بە حەزەوە پێشوازی کرد. بەڵام بەداخەوە ئەو بیرۆکەیە سەری نەگرت. چەندجار بۆ مامۆستا زەنگم دا، نەیتوانی جوابم بداتەوە، وردە وردە زیاتر لە جاران نەخۆشیەکەی پەرەی سەند. لەملاوە منیش حاڵی جەستەییم تێکچوو. دواجار منیش هەر دوو گورچیلەم لە دەست دان... بۆیە لە زوانی مەولەوییەوە بە ڕۆحە بێنازەکەی دەڵێم: "وە مەرگت دیدەم، هام نەگوزەردا منیچ لام لای تۆن ئارۆ یا فەردا" 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖

  • 26 февр.3 8921644

    🔺کێ ماچۆ ئی دەنگە مەردەن؟ 🖤 ماڵاوا مامۆستا یەدۆڵا محەمەدی 🤝 لێرەین 👇 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

  • 25 февр.4 2711321

    🔳 هەڵبژین ✍ #کەیهان_عەزیزی زمان، هەڵگری هەزاران وشەی ڕەنگاوڕەنگە. وشەکان وەک دەلاقەکان هەمیشە دیمەنێکی گەورەتر لە خۆیان بەرەو بینەر دەکەنەوە. وشەکان هەموویان لە یەک ئاستدا نین، بڕێکیان خاوەنی مێژوویەکی تایبەتن، بڕێکیان سەیروسەمەرە کاریگەرییان لێ دەکەوێتەوە، بڕێکی‌تریان بوونەتە موڵکی ئایدۆلۆژیەکان و جاران بارێکی قورسی فەلسەفییان لە کۆڵ ناوە. بە وشە دەتوانین ببینین، ببیستین، هەست بکەین، عێبادەت بکەین، دەتوانین سۆز پاشەکەوت بکەین و بیرەوەری بهۆنینەوە. یەکێ لە وشە سێحراویەکان بۆ من وشەی #هەڵبژین‌"ە. ئەم وشە هەستێکی سەیرم پێ دەبەخشێ. وا هەست دەکەم دنیا و سەرجەم شتەکانی ئەم دنیایە لەم وشە خۆیان حەشار داوە. ژیان واتە هەڵبژین. جاران وا بیر دەکەمەوە دەکرێ لەسەر ئەم وشە به تاقی تەنیا سیستمێکی فەلسەفی دابمەزرێت. دەڵێن دال(وشە)، ئاماژەیە بە مەدلوولێک(مانایەک). کەچی لە ڕەخنەکاری نوێدا دەڵێن هەر دالێک ئاماژەیە بە دالێکی‌تر. دیارە ئەم زنجیرە دالانە درێژە دەکێشن، بۆیە مانا هەمیشە دەکەوێتە دواوە. هەڵبژین بۆ من بە مەدلولێک وەک هەڵبژرادنی ئەم سەرکۆمار و ئەو پاڕلمانتار و بگرە بە دەیان مەدلولێکی‌ تریش کۆتایی نایەت. بۆیە مانا بەردەوام لە ڕێ دایە. مرۆڤ هەر بەوجۆرەی ناتوانێ بەبێ هەوا بژی، ناشتوانێ لەسەر ئەم گۆی زەویە بەبێ هەڵبژاردن بژی. مرۆڤ تەنیا لەکاتی خەو، ئەویش بە مەرجێ خەو نەبینێت، لە هەڵبژاردن دەکەوێ. بۆیە هەر لە هەڕەتی منداڵیی تا ئەوکاتەی دوایین هەناسەکانی ژیان هەڵدەمژێ، بێوچان لەگەڵ هەڵبژین چنگەپڕچانیەتی. ڕاستی، پێم نەگوتن بۆ ئەم وشەم خۆش دەوێ. زۆرجار لەگەڵ جەنابی مەرگ بەرۆکی یەکتر دەگرین، باشترە بڵێم مردن داگیرم دەکا، بەڵام ئەوە هەڵبژاردنە جاران بە پەلە و جارانیش بە ئەسپایی دێت و پێم دەڵێ نا، تا لەگەڵ من سەروکارت هەیە، زێندووی و نەمردووی. هەڵبژین پێمان دەڵێ تۆ ئازادی، دەڵێ دەستم بگرن، چون من سەنەدی ئازادیتانم. ئەگەر ویستان مرۆڤێک بکوژن، پێویست بە قەنارە و سێدارە ناکا، تەنیا هەڵبژاردنی لێ بگرن تا بۆ هەمیشە بمرێ. لە ڕاستیدا هەرچی بژاردەکانی مرۆڤ کەم بکرێنەوە، هەرچی مرۆڤ لە کێشمەکێشی هەڵبژاردن دوور بکەوێتەوە، زیاتریش لە مەرگ نزیک دەبێتەوە. دۆخی نالەباری ئەم ڕۆژانە و شڵەژانی ژیان، زیاتر لە جاران بژاردەکانی خەڵک بەرتەسک بوونەتەوە. دایک و باوک بۆ کڕینی شتومەکی ژیان دەچنە بازار، دەست بۆ هەرچی دەبەن قیمەتی بە هەزاران و ملوێنانە، بە پێی گیرفان ناتوانن هەڵبژێرێن، هەڵبژاردنیان سنوورمەندە، هەست بەتاسان دەکەن، ناتوانن هەناسە بکێشن. "ئاخر هەڵبژاردن وەک هەوا پێوێستە بۆ ژیان." ئەوە دایک و باوکانی ئەم وڵاتەن، هەڵبژینیان لێ سەندراوەتەوە، بۆیە ڕۆژانە لەبەر چاوی خۆیان و منداڵەکانیانەوە دەمرن. کەوتنە داوی هەڵبژینی ئەم یان ئەو، ئێتر هەڵبژاردنی من نییە، ئەوە هەڵبژاردنی ئەوانە. بەبێ هەڵبژاردن ئێمە مردووین. هەڵبژین، هەمیشە مانای دەسچنکردنی یەک شت لە نێوان چەند شت نییە، بەڵکوو مانای بێبەشبوون و مەحروومبوونیشە. من بۆ ئەوەی پڕتەقاڵێک لە نێو دەیانی تر هەڵبژێرم، دەبێ لەوانی‌تر خۆم بێبەش بکەم تا یەکێکیان هەڵبژێرم. بێبەشبوون، هەمیشە دڵەڕاوکێ و پەشۆکاوی لێ دەکەوێتەوە. دڵەڕاوکێ، پێمان دەڵێ مرۆڤ تەنیایە، دەبێ بەرگەی تەنیایی بگرێت. چون کەس ناتوانێ لە جیاتی ئێمە هەڵبژێرێ، پێویستە خۆمان بە تەنیایی بڕیار بدەین. کەس ناتوانێ یارمەتی ئێمە بدات، ئێمە ناچار بە هەڵبژاردنین، هەر خۆیشمان دەبێ بەرپرسیارەتی هەڵبژاردن قبوڵ بکەین. دڵەخورپە چارەنووسی مرۆڤە. مرۆڤ ئەگەر مەحکووم بە هەڵبژرادنە، مەحکوومیشە بە تەنیایی، بە پەشۆکاویی و بە بەرپرسیاریەتی. تەنیا شتێ ئێمە لە دەستی هەڵبژاردن ڕزگار دەکا مردنە. هایدگێر مرۆڤی ڕەسەن بە ئەو مرۆڤە دەزانێ هەڵدەبژێرێ، ئەگەر لە هەڵبژین کەوتین گیروودەی ژیانی ناڕەسەنین، لە ژیانی ناڕەسەن ‌ئێرادە بۆ گۆڕان نامێنێ. ئینجا ڕوویەکی تری هەڵبژین ڕەدکرنە. بێ ڕەدکردن، هەڵبژێرین مومکن نییە. مرۆڤی کورد لەم ڕۆژانە لەبەردەم ڕەدکردن، هەڵبژین و بڕیارێکی زۆر مێژوویی و هەستیارە. پێویستە هەڵبژێرێت، پێویستە خۆی ئامادەی بەرپرسیاریەتیەکە بکات. ئەگەر لە چەند وشە ئەم باسه مسداقی بکەمەوە ئەوەیە هەموومان لە گێژاوی ژیانێکی ناڕەسەن گیرمان کردووە. نە دەتوانین هەڵبژێرین، نە دەتوانین ڕەد بکەینەوە، نە بەرپرسیاریەتیش وەئەستۆ دەگرین! لەولاشەوە هەموو کەس بەلامانەوە تاوانبار و جێگای گومانە! هیچکەسمان پاش بڕیارەکانی هەست بە دڵەڕاوکێ ناکا. کێمان شەوانە بە بۆنەی هەڵبژاردن و بڕیارەکانیەوە تووشی هێڵێنج هاتووە؟ دیارە ڕشانەوە دۆخی مرۆڤی زێندووە، مرۆڤی مردوو خۆ هێڵێنج نایگرێت. تکایە هێڵێنج بدەن، هێڵێنج بدەن با بزانن زێندووین. 🔺بۆ ئەوەی تووشی هەڵەی دێکارتی نەبم ناڵێم هەڵدەبژێرم کەواتە هەم، بەڵکوو دەڵێم: هەم، کەواتە هەڵدەبژێرم. 🤝 لێرەین 👇 🆔  @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 20 февр.4 0101254

    #pdf کورد و زمان، بەڵام یەهوودیەکان و زمان ✍ #کەیهان_عەزیزی ... پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە داخۆ ناسیۆنالیسمی کوردی کە هەمیشە و تا ئێستاش پلەی ناوەندیەتی بە زمان و پرسی زمان بەخشیوە و زمانی کردوەتە کۆڵەکەی سەرەکیی کوردایەتی، چۆناوچۆنە هەنووکەش هیچ پلان و سیاسەتێکی نییە و هێشتا هیچ ئاسۆیەک لەم بارەوە دیار نییە؟ تەنانەت هیچکەس نازانێ ئەم هەموو جەختکردنە لەسەر زمان لەپێناوی چییە؟ ئەم هەموو هەڵکێشداکێشە زمانبازییە بێپلانە بۆ چییە؟ کەس نازانێ بڕیارە زمان لەم ئاڵۆزباڵۆزە چی بکات؟ بۆ ئەوە لە قووڵایی ئەم پرسە تێ بگەین لە چەند دێڕدا زۆر بەکورتی ئاماژە بە ئەزموون و تەقەلا و خەباتی یەهوودیەکان دەکەم تا بزانین ئەوان لە زماندا بۆ زمان چیان بە زمان کرد، ئێمەش چۆناوچۆن زمانمان کردوەتە شمشێرێکی دوودەمی ببڕ. و... 🔺درێژەی بابەت لە فایلی pdf 🤝لێرەین 👇👇 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • پەرانتێز parantez pinned «🔳 کوشتن بە مەودا ✍ #سێخورمە بیستووتانە ئەو کەسانەی کەسێکیان دەکوژرێ چەندە تووڕە و ئاگرینن، چەندە قیناوی باسی تۆڵەکردنەوە دەکەن. بە قسەی هیچ شێخ و مەشایەخێک نایەنە سەر ڕێگەی ڕاست. تەنیا داوای کوشتنی بکوژکە دەکەن و تەنانەت ئامادەشن بۆ کوشتنەوەی لە گیرفان خەرج…»

  • 28 янв.6 9181624

    🔳 کوشتن بە مەودا ✍ #سێخورمە بیستووتانە ئەو کەسانەی کەسێکیان دەکوژرێ چەندە تووڕە و ئاگرینن، چەندە قیناوی باسی تۆڵەکردنەوە دەکەن. بە قسەی هیچ شێخ و مەشایەخێک نایەنە سەر ڕێگەی ڕاست. تەنیا داوای کوشتنی بکوژکە دەکەن و تەنانەت ئامادەشن بۆ کوشتنەوەی لە گیرفان خەرج بکەن. بەڵام زۆرجاریش بیستوومانە هەر ئەم کەسانە کاتێک دەچنە پای سێدارە و ناچار دەبن گیاندانی بکوژەکە بەچاو ببینن، لە کۆڵی شەیتان دێنەخوار و ئاگری تووڕەییان دادەمرکێت و دواجار لە بکوژ خۆش دەبن. دیارە گیان ئەستاندنی مرۆڤێک لەوانەیە بە قسە ئاسایی بنوێنێ، بەڵام چاولێکردن لە گیاندانی زۆر قورس و گرانە. کوشتنی ئێنسانێک لە نزیکەوە تەنانەت بۆ جەلادە دڵڕەقەکانیش ئاسان نییە. بۆیە ئەو کەسانە لە دواساتەکان و لەپای سێدارە دڵیان نەرم دەبێ و دەبەخشن. زۆربەی جەنایەتکارانی مێژوو خۆیان ڕاستەوخۆ خەڵکیان نەکوشتووە، ئەوان زیاتر فەرمانی کوشتوبڕیان داوە و خەڵکانی تر جێبەجێیان کردووە. جێبەجێکاریش زۆرجار بە هەندێ پاساوی ڕووکەش ویژدانی خۆی کوژاندووەتەوە. کوشتن بە چاقۆ لە کوشتنی تفەنگ دژوارترە. چون کوشتن بە تفەنگ، بکوژ و کوژراو لەیەکتر دوور دەخاتەوە. ئەمە یانی"مەودا" کوشتن ئاسان دەکا. کوشتنی مرۆڤ بە فڕۆکە و درۆن بە هۆی مەودای زیاترەوە ئاسانترە. کەوابوو هەرچی مەودای بکوژ و کوژراو زیاتر، هەرچی ئامێرەکانی تێکنۆلۆژی بۆ کوشتن پەرەسەندووتر بن، کوشتن هەم ئاسانترە هەمیش بە ویژدانی ئاسوودەترەوە ڕوو دەدات. کوشتن بە دوکمەیەک لە ڕێگەی دوورەوە زۆر ئاسانترە لەوەی سەربازێک ڕووبەڕوو خەنجەر بە دڵی بەرانبەرەکەیدا بچەقێنێت. لە دنیای مودێرن بە هۆی ئەو مەودایە تێکنۆلۆژی دروستی کردووە کوشتنی مرۆڤ بووەتە ژمارە، مردن ئێستە بێدەنگ و بێدەموچاوە، تەنیا ڕەقەمەکان دیارن. ئەم جۆرە کوشتنە هۆکاریشی تەنیا ڕق و قین نییە، بەڵکوو ڕەوتێکی ئیداری و ئەرکێکی ڕاسپێردراوە، بۆیە تاوانکار، تاوانەکەی دەخاتە ئەستۆی ئەرکێکی پێشەیی و ویژدانی خۆی ئاسوودە دەکوژێنێتەوە. ئەمە ڕووە ترسناکەی جەنایەت و کوشتنە کە پێگە و کەرامەتی مرۆڤ بۆ ژمارەیەک دادەبەزێت. هانا ئارێنت لەژێر ناوی "ئیبتزالی شەڕ" دەڵێ جەنایەت، سەرچاوەی ڕق و قین نییە، بەڵکوو سەرچاوە و ئاساییبوونەوەی جەنایەت بیرنەکردنەوە و فەرمانبردنی کوێرکوێرانەیە. زوڵم و جەنایەت کاتێکە مرۆڤ ناتوانێ بیر بکاتەوە، ڕێک ئەو کاتەی مرۆڤ نەتوانێ بڕیار بدات و ئاکامی ئەخلاقی کردارەکانی وێنا بکات، خراپەکاری وەک ئەرکێکی ئاسایی ڕاسپێردراو تەنیا تێکرار دەبێتەوە. بۆیە ئارێنت دەڵێ "ئایشمەن" کەسێکی نەخۆش و شێت و لێوە نەبوو، ئەو دەعبایش نەبوو، ئەو تەنیا مرۆڤێکی جێبەجێکاری بێفکری کۆیلەی چەقبەستووی گوێڕایەڵ بوو. بەبێ ئەوەی لە ئاکامی کردارەکانی بیربکاتەوە ببوە کەرەستەیەک بۆ بەرێوەبردن و دووپاتکردنەوەی ئەرکە ئیداریەکان. داریوش شایگانیش کاتێک باسی مودێرنیتە و تێکنۆلۆژی و ئەفسوونکاری نوێ دەکا دەپەرژێتە سەر ئەم بابەتە. ئەویش دەڵێ هەرچی مەودا لەگەڵ جەنایەت زیاتر بێت، ئاساییتر لە کوشتنەکان و توندوتیژیەکان دەڕوانین. پێی وایە لە جیهانی مودێرن بە هۆی ئامێرە تازەکانی تێکنۆلۆژییەوە مەودای مرۆڤ لەگەڵ کردارەکانی زیاتر بووە، ئەمەشی بە "مەودای تێکنیک" ناو بردوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ مەودای مرۆڤی لەگەڵ مرۆڤ بەرینتر کردوە. دەڵێ کوشتن و توندوتیژی لە دنیای نوێ ئەزموونێکی ئێنسانی نییە هەتا مرۆڤ هەست بە ئازار و تاوان بکات، بەڵکوو کردەوەیەکی فۆرمیک و ئەرکێکی ئیداریی و تێکنیکاڵە. ئەوەی فەرمانی کوشتن دەدا چون ڕاستەوخۆ ناڵە و ئازار و کرووزانەوەی قوربانی نابیستێ، کوشتنی مرۆڤ بۆی ئاساییە. ئەوەیش دەکوژێت، خۆی بە بڕیاردەر نازانێ، بەڵکوو وەک جێبەجێکار لە بەرپرسیاریەتی خۆی دەرباز دەکا و تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی سیستم و ئەرکێکی ئیداریی. شایگان دەڵێ مودێرنیتە تەنیا سەردەمی ئەفسوونسڕینەوە نەبوو، بەڵکوو سەردەمی ئەفسوونبردەییەکی تازەش بوو کە مرۆڤ ئەمجارە گیروودەی جادووی تێکنۆلۆژی، سیستم، خێرایی و دەسەڵات هاتەوە. ئەم ئەفسوونە، ڕاوەستان، بیرکردنەوە، بڕیار و داوەری ئەخلاقی لاواز کرد. هەمووی ئەمانەش سنوورێکی پێکهێناوە هەتا مرۆڤ بەبێ بیرکردنەوە، بەبێ بەرپرسیاریەتی لە کردارەکانی داببڕێت تا لەو دیوی سنوورەکەوە لەپەنای سیستمەوە تاوان بکات، تا مروڤ ببێتە ژمارە، تاوانکاریش ببێتە سیستم و لە گیانی مرۆڤ هەرزان بڕوانێت! 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖

  • 4 янв.4 615106

    🔅 نە دەتوانین بمرین، نە دەتوانین بژین، نە دەتوانین یەکتر ببینین، نەش دەتوانین لەیەکتر وازبێنین. کەوتووینەتە تەنگانەیەکی سەیرەوە. "ژان پول سارتر" 💥کاناڵی پەرانتێز کاناڵێکی جیاوازی فکری تێئۆریکە لە بواری ئەندێشە و ئەدەب بە زمانی کوردی. 🤝 لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

  • 2 янв.4 7652135

    🔳بۆچی میدیا عەرەبیەکان بەکورد دەڵێن: ئەکراد؟ ✍ #عەتا_شەمێرانی 🔅نزیکەی 18ساڵ لەنێو میدیای کوردی و عەرەبی و بیانیدا کارم کردووە، بە وردی ئاگام لە هەموو جوڵەو هەنگاوێکی میدیاییە، هەڵبژاردنی هەر جۆرە وشەو دەستەواژەیەک بە پلانە، پێشوەختە بەرنامەی بۆ دادەڕژرێت و کاری لەسەر دەکرێت! 🔅بەکارهێنانی وشەی (ئەکراد) لە میدیای عەرەبیدا، ناکرێت وەک هەڵەیەکی زمانەوانی، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوە هەڵبژاردنێکی سیاسی و کولتووری بە ئەنقەستە، ڕەنگدانەوەی ڕوانگەیەکی قووڵی چەسپاو و ناوەندگەراییە بۆ کورد وەک "بابەت" نەک وەک "گەل"، کورد، ناوی گەلێکی هەرەدێرینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کورد ناوێکی مێژوویی، نەتەوەییە، لە ئەدەبیاتی نێودەوڵەتی و توێژینەوەی ئەکادیمی و بەڵگەنامە سیاسییەکانی دنیادا، ناسراوە. 🔅بڕۆن سەرنج بدەن میدیای عەرەبی لەکاتی باسکردنی نەتەوەی عەرەبدا دەڵێن “عەرەبەکان” نەک “بەدەوییەکان، تەنانەت لە ساتی ناوهێنانی تورکەکاندا دەڵێن( تورک، ناڵێن ئەتراک، بە ئێرانییەکانیش دەڵێن(فارس)کەچی کاتێک باسی کورد دەکەن، زاراوەیەکی جیاواز هەڵدەبژێرن و دەڵێن(ئەکراد) 🔅چونکە وشەی “ئەکراد” مانای “خەڵک” ناگەیەنێ، بەڵکو بە مانای “گرووپ” دێت، گروپێکی ناڕوون، لەبنەڕەتدا دەستەواژەکە بۆ ناشیرینکردنی کورد بەکاردێ، بە ئاسانی دەستکاری دەکرێ و بە ئاسانیش بچووک دەکرێتەوە بۆ فایلێکی ئەمنی یان بۆ موزایەدەی سیاسی و کێشەیەکی کاتی! 🔅میدیای عەرەبی، هیچکات وەک هێزێکی مێژوویی مامەڵە لەگەڵ کورد ناکا، بەڵکو وەک دیاردەیەک تەماشای دەکا لەناو دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرندا. 🔅کاتێک میدیا عەرەبییەکان دەڵێن “ئەکراد” بە ئاشکرا سووکایەتی ناکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەشکۆی دەدەن و هەوڵی کەمکردنەوەی دەدەن، بە ئاشکرا جنێو نادەن بەڵکو لە قووڵایی مێژوویی خۆی دەیڕوتێننەوە، کورد لە پۆلی "ئەویتری ناوخۆیی" یان "پەراوێزخراوی هەمیشەیی"دا دەهێڵێتەوە. 🔅بە دەگمەن لە میدیایەکی عەرەبیدا دەبیستین بڵێن؛ کورد گەلێکە و مافی هەیە. لێرەدا، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە مەسەلەکە زمانەوانی نییە، بەڵکو زیاتر دەروونییە. عەقڵیەتی میدیای عەرەبی کە لە چوارچێوەی گوتاری دەوڵەتی ناوەندیدا پەروەردە کراوە، هەر ناسنامەیەکی نا ناوەندی وەک هەڕەشەیەکی ئەگەری دەبینێت. بۆیە ئەو زمانەی پێ باشترە کە کورد لە ئاستی "ناونانی کارایی"دا بهێڵێتەوە، "نەک "دانپێدانانی بوون. میدیا ئاوێنەیەکی بێتاوانی واقیع نییە، بەڵکو هاوبەشێکە لە دروستکردنیدا. کاتێک پێداگری دەکا لەسەر بانگکردنی گەلێک بە ناوێ کە نایناسێتەوە،تەنها ڕاپۆرتکردنی هەواڵەکان نییە،بەڵکو زیاتر بەرهەمهێنانەوەی وەدەرنانیەتی بە شێوەیەکی ورد. 👇➖➖➖➖➖➖👇 💥هەمتر زاراوەی "کوردەکان" ✍#کاناڵی_پەرانتێز پڕۆفیسۆر عەباس وەلی لە وتارە گرنگەکەی، "کوردەکان و ئەوانی تریان، هەویەت و سیاسەتی پارچەپارچە بوو" بە نادروست و بە هەڵە وشەی "کوردەکان" لەکار دەکا. پێی وایە پاش ئەوەی کورد بەسەر چەند دەوڵەت نەتەوەی جیاواز دابەشکرا و لەگەڵ چەند ئەویدی ڕووبەڕوو بوەوە، ئیتر ئەویدی جیاواز و دۆخی جیاواز، کوردەکانی کردە چەند بەش و هەر بەشێک ئێستە هەڵگری تایبەتمەندی خۆیە. لە ڕووی سیاسیەوە ئەمە واقعێکی داسەپیوە. بەڵام ئەمە نابێتە هۆ کورد لە ڕووی مێژوو، شوناس، زمان و کوردبوونەوە دابەش بکەین. هەندێکی تر باسی "زوانە کوردیەکان" و باسی جیاوازی زوانیی دەکەن! ئەو جۆرە بیرە تا ئەو ڕادە پەرەی سەندوە هەندێ دەڵێن ئێمە ئەگەر کوردیش بین زوانمان کوردی نییە! کار کەیشتوەتە ئەوە بڵێن:"شێوەمان کوردییە، بەڵام زمانمان کوردی نییە."! دیارە هەلپەرەستەکانیش لێرەوە خۆیان دەخزێنە ناو بابەتەکەوە و بەتەمان دەستەواژەی "زمانی کوردی" بسڕنەوە و بیکەن "مەحلی" یان زوانە کوردیەکان. بۆیە هەمیشە دژی گشتیەت و یەکایەتی کورد دەوەستنەوە، کورد بۆ هەندێ زار و شار و لادێ کورت دەکەنەوە. کەچی خۆیان دنیایەک نە ڕەنگاوڕەنگی، بەڵکو دنیایەک ناتەبایی لەژێر ناوی ئەفسانەی ئێرانشاری کۆ دەکەنەوە! ئەوەی لە دنیادا باوە ئەوەیە هەموو زوانێک لە ڕێی نەتەوەوە دەناسرێتەوە. ئەگەر نەتەوەیەک بەناوی ئاڵمان و عەرەب هەیە، ئەوا زوانێکیش بەناوی ئاڵمانی و عەرەبی هەیە. کوردیش هەیە، بۆیە باسی زوانی کوردی دەکەین. بەڵام کاتێک "کورد" بکەی بە "کوردەکان"، ئیتر ناتوانی باسی زوانی کوردی بکەی، بەڵکوو دەبێ باسی زوانە کوردیەکان بکەی. ئەگەر باسی زوانە کوردیەکانیشت کرد ناتوانی باسی یەکایەتیەک بەناوی کورد و کوردبوون بهێنیتە ئاراوە. بەڵکوو دواجار دەبیتە ئەوەی نەیاری کەتنگێڕ لەگەڵ هەندێ گەلحۆ پەرەی پێ دەدەن، واتە کۆمەڵێک زار و لادێی لێکدابڕاوی فولکلۆربردە کە هەرکەس لایەکی بەرەو ناوێک پەلکێش دەکا. ئەوەی دڵەکان دەهەژێنێ، ئەردەڵان، موکریان، کرماشان و هەورامان نییە، ئەوەی شێتیان دەکا، هەورامی، سۆرانی و کەڵهۆڕی نییە، ئەوەی لەرزە دەخاتە بینای نەیاران کورد و کوردبوونە. 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net 🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾

  • 31 дек.3 8723125

    🔴 هەیاسە لە دیوەخان چ باسە؟ ✍ د.#ئیسماعیل_شەمس 🔺ئایا جیاوازی زمانی تەنیا لە ناو کوردە و تەنیا خەڵکی کوردستانن کە لە زمانی یەک تێناگەن؟دیارە ئەگەر مازەندەرانی بە زمانی خۆی قسە بکا، گیلانی لێی تێناگا و هەردوویان لە زمانی تالێشی کە دراوسێیانە تێناگەن و هەر سێیان لە تاتی کە چەند کیلوومتر ئەولاترە تێناگەن و هەر چواریان نازانن لۆڕی چییە و هەر پێنجیان زمانی پیرەژنێکی خەڵکی قشم فام ناکەن. تۆزێک بڕۆمە بەرۆ،خەڵکی گۆندی ئەبووزەیدئاباد لە کاشان ئەگەر بە زمانی دایکیان قسە بکەن هیچ کاشانیێک لێی تێناگات و ئەگەر خەڵکی گۆندێکی ئابادەی لای شیراز بە زمانی خۆی بدوێت شیرازیەکە هەر نازانێ چی دەڵێت. 🔺لە ناو تورکیش کاتێک سەرۆکی ئۆزبەکستان تەک ئەردووغان وتوووێژ دەکات پیویستیان بە وەرگێڕە و کاتێک ئەو دوانە تەک قەزاقێک بدوێن هەر لە یەک تێناگەن و کاتێک هەر سێ تەک تورکمەنێک بئاخەون دەبێ وەرگێڕ لە نێوانیان بێت و ئەگەر هەر چوار بڕۆن بۆ قرقیزستان وادەزانن بۆ وڵاتێکی غەریبە ڕۆییشتوون و ئەگەر ڕۆژێک بێت و هەر پێنجیان بیانهەوێ سەردانی داغستان بکەن و تەک لەزگی و چەرکەس گفتووگۆ بکەن حەتمەن دەبێ وەرگێڕێکیان ببێ کە هەر پێنج زمانەکە بزانێت و ئەگەر هات و هەر شەشیان هاتنە تەورێز ئەوە ئیدی لە زاری تورکی ئەوێ هەر تێناگەن. ئەرێ براگیان بۆ بە هەمووی ئەوانە دەڵێن تورک و بە زمانەکەشیان دەڵێن تورکی؟ با بێینە سەر عەرەب؛ گوندیێکی عەرەبی ئەنباری عەڕاق لە زاراوەی خەڵکی عەرەبی بەسرە تێناگات و هەردوویان لە زمانی دایکێکی فەلەستینی تێناگەن و هەر سێیان هەر نازانن کاتێک میسریێک دەڵێت گەمال مەبەستی جەمالە و هەر چواریان لە زمانی دایکیی خەڵکی توونس تێناگەن و هەر پێنجیان کاتێک بڕۆن بۆ دیداری جەولانی ئەگەر بیهەوێت بە زاری عەرەبی جەولان قسان بکات هەر نازانن چی دەڵێت و ئەگەر هەر شەشیان سواری تەیارە بن و لە بادیەی عەرەبستان دابەزن و عەرەبێکی بەدەوی بە خێرهاتنیان بکات وادەزانن جنێویان پێدەدات. دەی چ خەبەرە بەمانە هەموو دەڵێن عەرەب و بە زمانە جیاوازەکانیان دەڵێن عەرەبی؟ دەی خۆ ئەگەر زمانی فەرمی و نووسراوەی عەرەبی کە زمانی قۆرئان و دینە نەبایە هیچ عەرەبێک لە زمانی عەرەبی وڵاتێکیتر تێنەگەییشت. لە ئێرانی سەردەمی قاجاریشدا ئەگەر زمانی فارسی کە زمانی شانامەی فردەوسی و زمانی دەوڵەت و دیوان بووە، نەبووبایە وەڵڵاهی گۆندیێکی تاتی ناوچەی فەشەم لە سی کیلوومێتری تاران هەر نەیدەزانی خەڵکی ڕەی بە چ زمانێک دەئاخەون. بە داخەوە من لەم جۆرە باسانە پارادۆکسێک دەبینم کە هۆگەلی دیارە. کورد هیچ کات نە خاوەنی دینێکی ئاسمانی بووە تا زمانێکی دینی پێوەری بۆ درووست بکات و نە هەرگیز خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێز وەک سەلجووقی و سەفەوی و پەهلەوی بووە کە بە زەرب و زۆر یا پارە و دەسەڵات و فێرکردنی مەدرەسەیی و میدیایی زمانێکی نێوانجی بۆی پێکبێنێت. 🔺شتێکی سەیری‌تر کە ئەو جۆرە کەسانە هەر نایبینن ئەوەیە کە بۆ لە نێوان خۆیان بە شوێنی خاڵی هاوبەشن؛ تەنانەت ئەگەر وشەیکیش بێت، كە‌ ی لە ناو کورددا تەنیا خاڵی جیاواز دەبینن؟ دیارە کوردیش هەر وەک تورک و عەرەب و فارس زاری جیاوازی هەیە و ئاخێوەرانی لە بڕێک جێگا ڕەنگە لە یەک تێنەگەن،بەڵام بۆ ئەو هەموو خاڵە هاوبەشە نابینن؟ بۆ جلووبەرگ و هەڵپەڕکە و جێژن و تەعزیە و ئەفسانە و ئۆستوورە و ڕەسم و ڕسووماتی لە دایکبوون و مردن و زەماوەند و جیابوونەوە و کشتووکاڵ و ئاژەڵداری و هەروەها مێژووی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش و دەیان شتی هاوبەشیتر نابینن؟ کاکە گیان فەرموون بە من بڵێن کوردی ئابدانان و کرماشان و هەورامان و بوکان و وان و بادینان و بابان و ئەردەڵان و حەڕڕان بێجگە جیاوازی زمانی چ جیاوازیێکی تریان هەیە؟ دەی بۆ لەزگی و تەورێزی و قرقیز و قەزاق و ئۆزبەک و تۆرکمەن و زەنجانی و ئیستانبوولی و چەرکەس کە هەر لە یەک تێناگەن هەموویان تورکن و زمانیشیان تورکییە، بەڵام کورد چەند زمان و نەتەوەی جیاوازە؟ بە داخەوە کوردی ئێمە هەمیشە وڵامدەداتەوە و خۆی تا ئاستی تاوانبارێک کە هەمووکات پرسیاری لێدەکرێت دێنێتە خوار؛ لە حاڵێکدا دەبێ لەم کەسانە پرسیار بکرێت کە وڵامی فرە زمانی و فرە کەلتووری لە ناو تورک و عەرەب و ... و ئەڵبەت لە هەمان کات ناسینیان بە یەک نەتەوە و یەک زمان بدەنەوە. منی هەورامی باشتر لە هەموو کەس دەزانم کە دایکی گۆندی و بێسەوادم لە فەیلی و سورانی و کورمانجی تێناگات، بەڵام ئەمە بۆ من ئاساییە، چوونکە دەزانم دایکی ئەردووغان و دایکی سەرکۆماری ئازەربایجان و دایکی گۆندیێکی ئۆزبەک و قرقیزیش لە یەک تێناگەن و لە هەمانکاتدا پێیان دەڵێن تورک و بە زمانەکشیان دەڵێن تورکی. 🔺من لەم یەک بان و دوو هەوایە تێدەگەم، بەس هیوامە ئەو کەسانە کە بانگەشەی فرە زمانی و فرە نەتەوەیی لە کوردستان دەکەن پێمان بڵێن ئەرێ هەیاسە لە دیوەخان چ باسە و ڕوونی کەنەوە کە وڵامیان بۆ فرە زمانی ناو گەلانی دراوسێ چییە؟ @kurdistanname 🆔 @parantez_net 🌾🌾

  • 28 дек.4 9141719

    🔅 هیچ ئەدەبێکی بەرز بوونی نییە دوور لە فیکر، دوور لە فەلسەفە، دوور لە زانست. مەسەلەی زانین و داهێنان بۆ ئێمەی کورد، مەسەلەیەکی چارەنوسسازە. مەسەلەی دروستکردنی هێزێکە لە ڕێگای سوپا و فڕۆکە و داگیرکارییەوە نەڕوخێت و داگیرنەکرێت، واتە پتەوکردنی هێزی کوردبوونە لە دەرەوەی سیاسەت. سیاسەت بە تەنیا ئەو ستوونە قایم و ئەستوورە نییە کورد بتوانێت لەسەری بوەستێت، دەبێت کوردبوون لە دەرەوەی سیاسەت، وەک شوناسێکی داهێنەرانە و مرۆڤدۆست و کراوە پایەی خۆی هەبێت. سیاسەتی کوردی بە درێژایی سەدەی بیست، سیاسەتی دۆڕان و نەفامی و ملهوڕیی بووە، ئیشی ڕۆشنبیرە لە دەرەوەی کایەی سیاسی جۆرە کوردبوونێک بونیادبنێت، لەسەر بنەمای داهێنانی نەمر دروستبووبێت، هێزێک ئەگەر سیاسەتیش هەرەسیهێنا، کوردبوون ڕابگرێت و ڕێگانەدات هەرەس بهێنێت. بەڵام هەموو داهێنانێک تەنیا بە ئەندازەی ئەوە دەبێتە بناغە، کە نەتەوەیەکیش هەبێت وەریبگرێت و تێیبگات و بیپارێزێت، نەتەوەی نەخوێندەوار ناتوانێت ئەوەی هەیەتی بیکات بە ژێرخانی کولتووری.  "بەختیار عەلی" لە کتێبی "هێماکانی دونیای ڕۆمان 🤝لێرەین ↙️ 🆔 @parantez_net ➖➖➖➖➖➖➖